شەکر یان زەیت کامیان زیانی زیاترە بۆ تەندروستی؟

PM:02:16:21/03/2025

2552 جار خوێندراوەتەوە

شەکر و زەیت پێکهاتەی سەرەکین لە دروستکردنی خواردنەکانی رۆژانەماندا، بەڵام زیادەڕۆی کردن لە خواردنیان دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی.

دکتۆر شیف کومار سارین، پزیشکی جگەر و گەدە و ڕیخۆڵە، ڕوونی دەکاتەوە کە هەریەکەیان بە شێوازی جیاواز کاریگەری لەسەر تەندروستی هەیە.

زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکر پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی ئاستی گلوکۆزی خوێنەوە هەیە، ئەمەش مەترسی بەرگری ئەنسۆلین و نەخۆشی شەکرە زیاد دەکات هەروەها بەشدارە لە کەڵەکەبوونی چەوری لە جگەردا، جگە لەوەش شەکر هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵ.

زەیتە پاڵاوتەکان کاریگەری لەسەر تەندروستی دڵ هەیە بە زیادکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە جەستەدا، بەڵام زەیتی سروشتی وەک زەیتی زەیتوون چەندین سوودی گرنگی هەیە ئەگەر بە ڕێژەیەکی مامناوەند بخورێت.

یەک گرام شەکر چوار کالۆری تێدایە، یەک گرام زەیت نۆ کالۆری تێدایە، بەڵام کاریگەریان بەندە بە جۆر و بڕی چەوری خواردنەکەوە، بەو پێیەی شەکری زیادە دەگۆڕێت بۆ چەوری لە جگەردا، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی زیاد دەکات.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاری کەمکردنەوەی شەکر دەکات بۆ کەمتر لە 10%ی کالۆری ڕۆژانە و سنووردارکردنی چەورییە ناتەندروستەکان و گرنگیدان بە چەورییە تەندروستەکان.

شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە مامناوەندی لە خواردنی شەکر و زەیت زۆر پێویستە بۆ پاراستنی تەندروستی و خۆپاراستن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، بەمەش خۆراکی هاوسەنگ دەبێتە هەڵبژاردەیەکی نایاب.