ئایا شۆردنەوەی مریشک مەترسی لەسەر تەندروستی دروست دەکات؟

AM:08:48:21/03/2025

288 جار خوێندراوەتەوە

هەندێک کەس پێیان وایە شۆردنەوەی مریشک پێش چێشت لێنان یارمەتی نەهێشتنی بەکتریا زیانبەخشەکان دەدات، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە ئەم خووە مەترسی زیاتری لەسەر تەندروستی لێدەکەوێتەوە.

بێس سیرۆنی پسپۆڕی بواری خۆراک ڕوونی دەکاتەوە کە شۆردنی مریشک دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بەکتریا لەبری لابردنی، ئەمەش مەترسی ژەهراویبوونی خۆراک زیاد دەکات.

شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن لەبری ئەوەی بشۆردرێت مریشکەکە بە باشی بکوڵێنرێت تاوەکو پلەی گەرمی ناوەوەی دەگاتە ٧٣.٩ پلەی سەدی کە ئەمەش بەسە بۆ نەهێشتنی ماددە زیانبەخشەکان، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانیت پێش کوڵاندنی بە کلێنکسی تایبەتی خۆراک بە نەرمی بیسڕیتەوە، دواتر کلێنکسەکە فڕێ بدە و هەر ڕووکار و کەلوپەلێک کە بەرکەوتەی لەگەڵدا بووبێت پاکی بکەرەوە و لەگەڵیدا دەستەکانت بە باشی بشۆ.

بەپێی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا، شۆردنەوەی مریشک پێش چێشت لێنان هەڵبژاردەیەکی کەسییە و هیچ سوودێکی تەندروستی نییە.

پسپۆران ئاماژەیان بەوەشکرد بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسی پیسبوون، پێویستە مریشکی کاڵ لەسەر ڕەفەی خوارەوەی ساردکەرەوە هەڵبگیرێت، پێویستە تەختەی بڕینی تایبەت بەکاربهێنرێت، هەروەها پێویستە ئامێر و ڕووکارەکان بە باشی پاکبکرێنەوە دوای بەکارهێنانی.

بەپێی ئامارەکانی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان (CDC) ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن کەس بەهۆی خواردنی پەلەوەرە پیسبووەکانەوە نەخۆش دەکەون، جێبەجێکردنی ئەم ڕێنماییانە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە گواستراوەکانی خۆراک و دڵنیابوون لە سەلامەتی خۆراک.