ئەمڕۆ نەورۆزە، دەستپێکی ساڵی کوردی و وەرزی بەهارە

PM:03:03:20/03/2025

468 جار خوێندراوەتەوە

٢١ـی ئازار یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی کوردی و وەرزی بەهارە کە لە کوردستان بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئاھەنگی ھاتنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی بەرز رادەگیرێت و ئاگری نەورۆز لە ھەر شار و شارۆچکەیەک بە شێوازێک رۆشن دەکرێت. بەدەر لە کوردستانیش لە وڵاتانی دیکەش کوردەکان ئەو ئاهەنگە دەگێڕن.

ساڵی کوردی؛ ئەو ساڵەیە کە بە تەباترین ساڵ لەگەڵ سروشت ناودەبرێت؛ بە جۆرێک ناوی هەر وەرزێکی هاوتای کەش و دۆخەیەکەتی، نەورۆزیش کە لە ساڵی کوردیدا بە یەکەم رۆژی بەهار و نەمانی سەرماو سۆڵە و دەستپێکی ساڵەکە دادەنرێت.

لە دیارترین ئاهەنگ و چالاکییەکانی نەورۆز کە لەم چەند ساڵەی دواییدا سەری هەڵداوە؛ داگیرساندنی ئاگرە لەسەر ھەرسێ چیای کەلێ، کەلەکەڤنێ و تیشێ لە ئاکرێ؛ کە لە قەزای ئاکرێ ھەزارەھا کەس بەشداری لەو بۆنەیە دەکەن و بە بردنی سەدان مەشخەڵ بۆ سەر چیا ئەم یادە بەرز رادەگیرن.

نوێ ڕۆژ یان نەورۆز(newroz) هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن، بنەڕەتی وشەکە لەوەوە هاتووە کە کورد گەلێکی ئاژەڵدار بووە و بە دەم ئاژەڵداریشەوە کشتوکاڵیشی کردووە. گۆڕانە وەرزییەکان، لە ژیانی ئەو گەلەدا گرنگی تایبەت بە خۆی ھەبووە. بە تایبەتی کوردستان نیشتمانێکی کوێستانییە و وەرزی زستان لە کۆندا تەمەنێکی درێژتر لە ئێستای ھەبووە.

هاوکات هەندێک لە بەتەمەنەکان باس لەوە دەکەن، لە ساڵانی رابردوودا بەفرێکی زۆر دەباری و جار ھەبووە ھەتا دوو مانگ لە بەھاریش تێپەڕیوە و بەفر ھەر نەتواوەتەوە و زەوی و ڕێگاوبانی بەر نەداوە. لەو حاڵەتەدا کوردی ئاژەڵدار کەوتوونەتە تەنگژەی بێ ئازوقەیەیی، بۆیە دەستپێکی بەهار و کۆتایی ئەو سەرما و سۆڵەیە بۆ ئەوان وەک جۆرێک لە جەژن بووە.