پزیشکێک هۆشداری دەدات لە نەشۆردنی ددانەکان

PM:12:55:19/03/2025

436 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێک هۆشداری دەدات لە کەمتەرخەمی کردن یان نەشۆردنی ددانەکان بە تایبەت پێش خەوتن.

دکتۆر کونال سود لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕوونیکردەوە کە بەکتریاکانی دەم و ددان دەتوانن بچنە ناو خوێنەوە بە تێپەڕبوونی کاتیش دەبنە هۆی هەوکردن کە کاریگەری لەسەر تەندروستی دڵ هەیە و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاد دەکەن لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لەسەر گرنگی شۆردنی ددانەکان کردەوە سێ جار لە ڕۆژێکدا.

سود ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٣ کردووە کە لە گۆڤاری زانستی بڵاوکراوەتەوە، کە ١٦٧٥ بەشداربووی تێدابووە دابەشکرابوون بەسەر چوار گروپدا.

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئەو گروپانەی پێش خەوتن ددانیان شۆردووە، ڕێژەی مانەوەیان زیاترە بە بەراورد بەو کەسانەی نەیانکردووە.

باسیشی لەوەکرد پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان شۆردنی ددانەکان و کەمبوونەوەی مەترسی لەرزین و سستبوونی دڵ چونکە شۆردنی ددانەکان بەکتریا کەمدەکاتەوە کە دەتوانن بچنە ناو خوێنەوە و کاریگەرییان لەسەر دڵ هەیە.

ئەو دکتۆرە جەختی لەسەر گرنگی ڕاوێژکاری بەردەوامی پزیشکی ددان کردەوە بۆ پاراستنی تەندروستی دەم و ددان و کەمکردنەوەی مەترسییە تەندروستییە ئەگەرییەکان.