مارک زوکەربێرگ پێشبینی کۆتایی سەردەمی مۆبایلە زیرەکەکان دەکات

PM:12:38:18/03/2025

40676 جار خوێندراوەتەوە

مارک زوکەربێرگ پێشبینییەکی بوێرانەی کرد کە دەتوانێت هەموو شتێک بگۆڕێت، ڕایگەیاند مۆبایلە زیرەکەکان ئەو ئامێرەی ڕۆژانە پشتی پێدەبەستین، بەم زووانە رەنگە بەسەربچن.

بەپێی ماڵپەڕی "dailygalaxy"، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا دووپاتیکردەوە کە تەکنەلۆژیایەکی نوێ سەرهەڵدەدات و شاشەی مۆبایلە زیرەکەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و شۆڕشێک لە چۆنیەتی کارلێککردنمان لەگەڵ جیهانی دیجیتاڵیدا بەڕێوەیە.

نزیکەی سێ دەیە مۆبایلە زیرەکەکان زاڵن بەسەر ژیانماندا، بەڵام بەپێی قسەی مارک زوکەربێرگ ، خەریکە دەسەڵاتەکەیان کۆتایی پێدێت.

چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵدا چاویلکەی زیرەک ببێتە ئامرازی سەرەکی پەیوەندیکردنمان لەگەڵ جیهانی دیجیتاڵی.

ڕەنگە وا دەرکەوێت کە مەحاڵ بێت بەڵام پێشبڕکێکە لە ئێستاوە دەستی پێکردووە، کۆمپانیاکانی وەک مێتا و ئەپڵ و کۆمپانیا گەورەکانی دیکەی تەکنەلۆژیا ملیارەها دۆلاریان لە زیرەکی دەستکرد وەبەرهێناوە.

شارەزایانی تەکنەلۆجیا پێیان وایە داهێنانی گەورەی داهاتوو نوێکردنەوەی مۆبایلە زیرەکەکان نابێت، بەڵکو گۆڕینییەتی بە تەواوەتی.

زوکەربێرگ جیهانێک پێشبینی دەکات کە هەرگیز پێویست ناکات ئامێرێک لە گیرفانی خۆت دەربهێنیت، بەڵکو هەموو کارلێکە دیجیتاڵییەکانت، وەک نامەی کورت، پەیوەندی، کات بەسەربردن و زۆر شتی تر، بە بەکارهێنانی چاویلکەی زیرەک بە شێوەیەکی بێ کێشە لەبەردەم چاوتدا پیشان دەدرێن.

ئەم چاویلکە ئایندەییە تایبەتمەندی شاشەی سێ ڕەهەندییان هەیە کە وێنەی خەیاڵی جیهانی ڕاستەقینە پیشان دەدات، ڕێگەت پێدەدات نامەی کورت بنێری، پەیوەندی بکەیت، یان گەشت بکەیت بەبێ ئەوەی پێویستت بە بەکارهێنانی مۆبایلەکەت هەبێت.

بەپێی پێشبینییەکان ئەمە کە بە تەواوی جێگەی مۆبایلە زیرەکەکان دەگرێتەوە، لە رێگەی چاوەوە یان فەرمانی دەنگی و ئاماژەی دەست بەکارهێنەران دەتوانن بە ئاسانی کارلێک لەگەڵ ناوەڕۆکی دیجیتاڵیدا بکەن.

ئەوەی جێگای سەرنجە لەگەڵ مێتا کۆمپانیاکانی دیکە لەوانەش گووگڵ و سامسۆنگ لە پێشبڕکێدان بۆ پێشکەشکردنی باشترین جۆری چاویلکەی زیرەک کە بە AI کاردەکەن.

چاویلکەی زیرەک لە ئێستادا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی بووەتەوە وەک تەمەنی پاتری، هێزی پرۆسێسکردن و نیگەرانی کەمی تایبەتمەندییەکانی بەڵام شارەزایان پێشبینی ئەوەیان کردووە لە داهاتوودا ڕەنگە مۆبایلە زیرەکەکان بە تەواوی نەمێنێت و چاویلکەی زیرەک جێگەی بگرێتەوە.