توێژینەوەیەک لەسەر ژەهری ناو توێکڵی لیمۆ؛ ئایا ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات؟

PM:03:51:07/03/2025

4396 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات عەلی کە توێژەرێکی کوردە و کاندیدی دکتۆرایە لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، هاوکات سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیاشە، توێژینەوەیەکەی لەسەر ژەهری ناو توێکڵی لیمۆ و چۆنییەتی گواستنەوەی ئەو ماددە زیانبەخشە کردووە و دەڵێت، "دوای چەند هەفتەیەک کارکردن و توێژینەوە بۆمان ئاشکرابوو کە نزیکەی ٢٠٪ ئەو مێرووکوژانەی لەنێو توێکڵی لیمۆدان، دەگوازرێنەوە بۆ نێو ئاو کاتێک قاشی لیمۆ دەخرێتە ناو ئاوی خواردنەوەوە".

ئەمڕۆ هەینی ٧ـی ئازاری ٢٠٢٥، ئاوات عەلی، توێژەر و کاندیدی دکتۆرا لە زانستی کیمیا، لە زانکۆی ستۆکهۆڵم لە سوید، سەرۆکی دامەزراوەی میدیای نالیا رایگەیاند، پاش چەند هەفتەیەک کارکردن لەگەڵ گروپێک لەخوێندکارەکانی لە بەشی کیمیا لەزانکۆی ستهۆکهۆڵم، بۆیان ئاشکرابوو کە نزیکەی ٢٠٪ ئەو مێرووکوژانەی لەنێو توێکڵی لیمۆدان، دەگوازرێنەوە بۆ ناو ئاو کاتێک قاشی لیمۆ دەخرێتە ناو ئاوی خواردنەوەوە.

ئیمازەلیل یەکێکە لەباوترین مێرووکوژەکان کە لەکشتوکاڵی بەرهەمهێنانی مزرەمەنییەکاندا بەکاردەهێنرێت، لە لیمۆشدا زۆرینەی لە توێکڵەکەیدا دەمێنێتەوەو بەشێکی زۆر کەمی دەگاتە نێو لیمۆکە، واتە ئەم ماددە زیانبەخشە بە سروشتی لە لیمۆکەدا نییە، یان لەو لیمۆیانەدا نییە کە لەنێو باخی ماڵاندایە و مێروو کوژ بەکارناهێنن، ئەم مێرووکوژانە لە کێڵگە گەورەکاندا بەکاردەهێنرێت.

بەپێی ڕێنماییەکانی یەکێتی ئەوروپا، ئیمازەلیل(Imazalil) (C14H14Cl2N2O)ماددەیەکی ژەهراوی(Toxic)ە و زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و کاریگەرییەکانی دوور و درێژن و ئەگەر هەیە ببێتە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی شێرپەنجە لەمرۆڤدا.

ئیمازەلیل لە ئەوروپادا رێگەپێدراوە لە کشتوکاڵدا و لە مزرەکەنییەکاندا پێویستە ٥ میلیگرام بۆ هەر یەک کیلۆ لە مزرەمەنی تێدەپەڕێنێت، زۆرینەی ئەم بڕەش لە توێکڵی مزرەمەنییەکاندا کۆدەبێتەوە، هەروەها ٥ میلیگرامی تریش بۆ مێرووکوژەکانی تر رێگەپێدراوە کە تێکڕا دەبێت لە ١٠ میلیگرام بۆ هەر کیلۆیەک مزرەمەنی تێنەپەرێت.

ئەنجامەکانی تویژینەوەکە چیمان پێ دەڵێن و تا چەند ترسناکن بۆ سەر تەندروستی؟

لە تاقیکردنەوەکەدا ئەو جۆرە لیمۆیەمان بەکارهێنا کە لەنێو بازاڕەکانی ئەوروپادا دەفرۆشرێن، دوو رێگامان گرتە بەر پێش ئەوەی لیمۆکە قاش بکەین و بیخەینە نێو ئاوی خواردنەوەوەو بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەجێی بهێڵین، بۆ ئەوەی زۆرترین ئەنجام ببینین.

٢٥٠گرام لە لیمۆمان تەنها بە ئاوی بەلوعە شتەوە، ٢٥٠ گرامی تریش بە ئاو و زاهی قاپشتن شتمانەوە، واتە دوو گروپ لە لیمۆمان دەستکەوت، بۆ هەر ٢٥٠ گرامێک لە لیمۆ نیو لیتر لە ئاوی خواردنەوەکانمان بەکارهێنا.

پاش دۆزینەوەو پەرەپێدانی رێگاکانی شیکاریی ئاوەکە، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە لەو لیمۆیەی کە تەنها بە ئاو شۆراوەتەوە نزیکەی ٢ میلیگرام لە مێروو کوژ چووەتە ناو ئاوەکە، بەڵام لەو لیمۆیەی کە بەزاهی قاپشتن شۆراوەتەوە پێش بەکارهێنانی نزیکەی ١ میلیگرام لە مێرووکوژ چووەتە ئاوەکەوە کە زۆینەی ئەم بڕانە ئیمازەلیل بوون کە ماددەیەکی ژەهراویی شێرپەنجەییە.

بۆ بەرچاوڕوونی، ٢ میلیگرام واتە گەر کیلۆیەک لەو ماددە ژەهراوییە هەزار بەش بێت، ٢ میلیگرام واتە دوو بەش لەو هەزار بەشە.

ئەم بڕە لەمێرووکوژ کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ بەجێدەهێڵێت، بەتایبەت لە شوێنی جیم و ریستۆرانتەکان کە بڕێکی زۆر لیمۆ لەنێو ئاوی خواردنەوە بەکاردەهێنن و ماوەیەکی زۆریش دەمێنێتەوە و رۆژانەش سەردانەکان دووبارە و دەبارە لێی دەخۆنەوەو ئەم ژەهرە لەجەستەیاندا کەڵەکە دەبێت.

وەڵامی پرسیاری باوەکان:

پرسیار: ئایا ئەم ماددانە بە سروشتی لە لیمۆ و مزرەمەنییەکاندا هەیە؟

وەڵام: نەخێر، لەکاتی بەرهەمهێنانی لە کیڵگەکاندا بەکاردەهێنرێت بۆ پاراستی لە مێروو و نەخۆشییە کشتوکاڵییەکان.

پرسیار: ئایا چارەسەر چییە کە من زۆر حەزم لە لیمۆیە لەئاوی خواردنەوەدا؟

وەڵام: چارەسەرەکەی ئاسانە، توێکڵکەی لێبکەرەوەو قاشی لیمۆ بێ توێکڵ بەکاربهێنە، لەم حاڵەتەدا مەترسی ژەهرەکە نامێنێت.

پرسیار: ئایا بەکارهێنانی لیمۆ بە توێکڵەوە بۆ نێو چا ش هەمان شتە؟

وەڵام: بەڵێ و بگرە زیاتریشە، چونکە توانەوە بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زیاد دەکات، بەم پێیەش ئەو مێرووکوژانە زووتر و زیاتر دەچنە نێو چاکەوە بە بەراوردی ئاوی ساردی خواردنەوە.

پرسیار: ئەی بەکارهێنانی لیمۆ بەسرە، هەمان زیانی هەیە؟

وەڵام: گەر لیمۆکە سروشتی نەبێت و هەمان ئەو لیمۆیانە بێت کە لە کێڵگەکاندا بەرهەمدەهێنرین، بەدڵنیاییەوە ماددە زیانبەخشەکان زووتر دەچنە نێو خواردنەکەوە، چونکە پلەی گەرمی زۆر بەرزدەبێتەوەو بەئاسانی ماددە زیانبەخشەکان دەتوێنەوە.

پرسیار: خاوەن جیم و رستیۆرانتەکان دەپرسن، ئاخر لیمۆ بێ توێکڵ زۆر ناشرینە لەنێو ئاوەکەدا، چارەسەر چییە؟

وەڵام: بڕی لیمۆکە کەمبکەرەوە لە کیلۆیەکەوە بۆ دوو لیمۆ، ماوەی مانەوەی لە ئاوەکەدا بە ٢٤ کاتژمێر و ١٢ کاتژمێرەوە کەمبکەوە بۆ ٦ کاتژمێر، پێش ئەوە لیۆمەکەش قاش بکەیت بە ئاوی گەرم و زاهی قاپشتن جوان بیشۆرەوە، بەم شێوەیە بڕی ماددە زیانبەخشەکە زۆر کەمبدەبێتەوە، بەڵام بە تەواوەتی لەناو ناچێت لە ئاوەکەدا.

پرسیار: باشە من یەک قاش لیمۆ بەکاردەهێنم بۆ یەک پەرداخ ئاو، ئایا هەمان زیانی هەیە؟

وەڵام: لەبەرئەوەی ئەم ماددە ژەهراویانە لە نێو لەشدا کەڵەکە دەبێت، بۆیە گەر تۆ ئەم کارە خوی رۆژانەت بێت، ئەوا ئەگەر هەیە کە زیان بە تەندروستیت بگەیەنێت.