بەگوێرەی پزیشکانی دڵ، پێویستە لەکاتی گەیشتن بە تەمەنی ٢٠
ساڵیدا دەست بە چاودێریکردنی تەندروستی دڵیان بکرێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە تەندروستییە
درێژخایەنەکان.
بەگوێرەی " indianexpress" زۆرجار وا بیردەکرێتەوە کە نەخۆشییەکانی دڵ بە پلەی یەکەم
تووشی پیاوان دەبێت، بەڵام لەنێو ئافرەتاندا هۆکاری سەرەکی مردنە لەبەر ئەوەی زۆرجار
هۆکارەکانی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ بە وردی یان بێ نیشانە دەردەکەون، چاودێریکردنی
بەردەوام بۆ دەستنیشانکردن و خۆپاراستن لە پێشوەختەدا زۆر گرنگە.
چوار پشکنینی بنەڕەتی
تەندروستی دڵ هەیە کە هەموو کە هەموو کەسێک لە تەمەنی سەرووی ٢٠ ساڵەوە دەبێت ئەنجامی
بدات بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، لەوانە:
١. چاودێریکردنی
پەستانی خوێن
بەرزی پەستانی خوێن هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی
دڵ و جەڵتەی مێشک، پێویستە پشکنینی بەردەوامی پەستانی خوێن هەر لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە
ئەنجامبدرێت، ئەگەر ئەنجامەکانی ئاسایی بوو پێشنیار دەکرێت پشکنینی ساڵانە بکرێت، بەڵام
چاودێریکردنی زۆر پێویستە بۆ ئەوانەی کە پەستانی خوێنیان بەرزە یان هۆکاری مەترسی
دیکەیان هەیە وەک بۆماوەیی.
٢. چاودێریکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵ
چاودێریکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵ یارمەتیدەرە بۆ هەڵسەنگاندنی
مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، بەو پێیەی ڕێژەی بەرزی ڕەنگە ببێتە هۆی کۆبوونەوەی
چەوری لەناو خوێنبەرەکان، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد
دەکات، دەستپێکردنی پشکنینی کۆلیسترۆڵ لە تەمەنی بیست ساڵییەوە گرنگە بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە هۆکاری مەترسییان
هەیە وەک قەڵەوی یان بۆماوەیی، بەرزی کۆلیسترۆڵی خوێن یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی
نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، چارەسەری پێشوەختە لە ڕێگەی گۆڕینی شێوازی ژیان یان
دەرمانەوە دەتوانێت ڕێگری لە ئاڵۆزییەکان بکات.
٣. پشکنینی شەکری خوێن
نەخۆشی شەکرە هۆکارێکی تری مەترسیدارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی
دڵ، چونکە بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا زیان بە بۆرییەکانی خوێن و دڵ دەگەیەنێت،
پێویستە گرنگی بە پشکنینی شەکری خوێن بدرێت چونکە بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا،
تەنانەت لە قۆناغی پێش نەخۆشی شەکرەدا، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان
زیاد دەکات، دۆزینەوەی پێشوەختە گرنگە بۆ چارەسەکردنی کێشەکە لە ڕێگەی خۆراک، وەرزشکردن
و دەرمان.
٤. پێوانەکردنی پێوەرەکانی
بارستەی جەستە
پاراستنی کێشی تەندروست دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی
دڵ و خوێنبەرەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، بۆ ئەوانەی کە BMI یان بەرزە، شێوازی ژیانی تەندروست کە چالاکیی جەستەیی ڕێکوپێک و خۆراکی
هاوسەنگ لەخۆدەگرێت زۆر پێویستە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان.