خۆشۆردن بە ئاوی سارد چەندین سوودی تەندروستی هەیە، لە
باشترکردنی سوڕی خوێن و بەرگری جەستە تا باشترکردنی باری دەروونی و یارمەتیدانی
ماسولکەکان.
بەپێی ماڵپەڕی " Times Now" یەکێک لە کاریگەرییە
ڕاستەوخۆکانی خۆشۆردن بە ئاوی سارد چالاکبوونی سوڕی خوێنە، باشتربوونی سووڕی خوێنیش
واتە ئۆکسجینی زیاتر دەگەیەنرێتە ئەندامەکانی جەستە ئەمەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی
دڵ و خوێنبەرەکان کەمدەکاتەوە.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکە ئاوی سارد دەبێتە هۆی باشترکردنی
کارکردنی بۆرییەکانی خوێن و دابەزاندنی پەستانی خوێن لە هەندێک کەسدا.
توێژینەوەیەکە لە هۆڵەندا ئەنجامدراوە، کاریگەرییەکانی خۆشۆردن
بە ئاوی سارد لەسەر سیستمی بەرگری جەستە تاقیکردووەتەوە، دەرکەوتووە ئەو بەشداربووانەی
کە ڕۆژانە بە ئاوی سارد بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ خۆیان شۆردووە ئەوا رێژەی تووشبوونیان بە
نەخۆشی بە رێژەی ٢٩% کەمیکردووە بە بەراورد بەوانەی کە بە ئاوی گەرم خۆیان شۆردووە،
جگە لەوەش بەرکەوتن بە ئاوی سارد پەیوەندی بە باشتربوونی باری دەروونی و کەمبوونەوەی
نیشانەکانی خەمۆکییەوە هەیە.
خۆ نوقمکردن
لەناو ئاوی سارد بە شێوەیەکی باو لەلایەن وەرزشوانانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ خێراکردنی
چاکبوونەوەی ماسولکەکان دوای ئەنجامدانی ڕاهێنانێکی چڕ، یارمەتی کەمکردنەوەی هەوکردن
دەدات.
جێگەی باسە خۆشۆردن بە ئاوی سارد دەبێتە هۆی باشتربوونی
میتابۆلیزم ئەمەش ئەگەری دابەزاندنی کێش زیاتر دەکات.
ئاوی سارد دەتوانێت سوود بە پێست و قژ بگەیەنێت بە
داخستنی کونیلەکان و ڕێگریکردن لە لەدەستدانی زەیتی سروشتی. بە پێچەوانەی ئاوی گەرم
کە دەتوانێت زەیتە پارێزەرەکانی پێست لێبسەنێتەوە و بە وشکی بیهێڵێتەوە، ئاوی سارد
یارمەتی پێست دەدات شێداری بپارێزێت. هەروەها دەتوانێت بریقە و درەوشانەوەی قژ
زیاتر بکات.
بەڵام سەرەڕای ئەم سوودانە ئاوی سارد بۆ هەموو کەسێک
ناگونجێت، ئەو کەسانەی کە هەندێک حاڵەتی تەندروستیان هەیە، وەک نەخۆشییەکانی دڵ، پێویستە
وریا بن، چونکە شۆکی کتوپڕی ئاوی سارد دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و پەستانی
خوێن.
ئەو کەسانەی کێشەی هەناسەدانیان هەیە یان نەخۆشی تەنگەنەفەسییان
هەیە، بەهۆی وەڵامدانەوەی سروشتی جەستەیان بۆ بەرتەسکبوونەوەی بۆری هەناسەدان، ڕەنگە
لەژێر ئاوی سارددا بەزەحمەت هەناسە بدەن.