زۆرجار هەست دەکەیت
لێدانی دڵت خاو دەبێتەوە و دەست و قاچەکانت زۆر ساردن ڕەنگە ئەمەش نیشانەیەکی باش نەبێت بۆ تەندروستی،
کەمبوونەوەی پەستانی خوێن ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ نەڕۆیشتنی خوێن بۆ ئەندامەکانی
جەستە ، ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک سەرگێژخواردن، ماندوێتی.
بەپێی ڕاپۆرتێکی
ماڵپەڕی " The
Times of India" رەنگە ساردبوونی دەست و قاچەکان بەهۆی چەند هۆکارێکەوە ڕووبدەن، لەوانە
خراپی سووڕی خوێن یان کاردانەوەی جەستە بەرامبەر بە بێتوانایی لە پاراستنی پلەی گەرمی
ناوەکی، پێویستە چارەسەری ئەم نیشانانە بکرێت، چونکە ڕەنگە ئاماژە بن بۆ کێشە تەندروستییە
بنەڕەتییەکان.
لێرەدا چەند هەنگاوێکی
گشتی دەخەینەڕوو کە دەتوانیت لەبەرچاوی بگریت:
- دڵنیابە لە شێدارکردنی جەستەت، دڵنیابە کە ئاوی
پێویست دەخۆیتەوە، چونکە وشکبوونەوە لەوانەیە ببێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن و ساربوونی
دەست و قاچ.
- ژەمە
بچووک و بەردەوامەکان بخۆ، ژەمە گەورەکان هەندێک جار دەبنە هۆی دابەزینی پەستانی
خوێن، بۆیە خواردنی ژەمە بچووکەکان و زووتر ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ خۆپاراستن.
- جوڵەی
وردە وردە و بەردەوام بکە، بۆ نموونە ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر دادەنیشیت ئەوا
هەوڵبدە زوو زوو هەستیت و جوڵەیەک بکەیت، واتە شوێنەکەت بگۆڕیت بۆ ئەوەی پەستانی
خوێنت لەناکاو دانەبەزێت.
- لە وەرزی سەرمادا خۆت گەرم بکەرەوە، جل و بەرگی گەرم بپۆشە و بەتانی بەکاربهێنە ئەگەر
دەست و قاچت سارد بوو.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە،
پێویستە ئەو نیشانانە بناسرێتەوە کە ڕەنگە ئاماژە بن بۆ حاڵەتێکی جددی، ئەگەری هەیە
مەترسی لەسەر ژیان دروست بکات، نیشانەکانی وەک دابەزینی پەستانی خوێن و سەرمابوونی
دەست و قاچ ڕەنگە بێ زیان دەرکەون، بەڵام ڕەنگە ئاماژە بن بۆ حاڵەتێکی مەترسیدار، بۆیە
پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکەین ئەگەر هەر نیشانەیەک دەرکەوت.