باشترین کات بۆ وەرزشکردن کەیە؟

PM:12:19:29/08/2024

1716 جار خوێندراوەتەوە

وەرزشکردن یەکێکە لە چالاکییە گرنگەکان بۆ پاراستنی تەندروستی بە شێوەیەکی گشتی، هەرچەندە هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە کە لەگەڵ هەموو کەسێکدا بگونجێت، بەڵام هەڵبژاردنی گونجاوترین کات بۆ وەرزشکردن پەیوەستە بە چەند هۆکارێکەوە.

لە ماڵپەڕی " eremnews" بڵاو کراوەتەوە، زۆرجار وەرزشکردن لە بەیانیان زوودا پێشنیار دەکرێت، چونکە یارمەتیدەرە بۆ دەستپێکردنی ڕۆژەکەت بە وزەوە، میتابۆلیزم بەرز دەکاتەوە کە بەشدارە لە سووتانی چەوری بە درێژایی ڕۆژ کە دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێش.

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوانەی بەیانیان وەرزش دەکەن باشتر پابەند دەبن بە ڕۆتینی خۆیانەوە، جگە لە باشترکردنی تەندروستی دەروونی و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکی و فشار.

سەبارەت بە وەرزشکردن لە پاشنیوەڕۆدا، لە نێوان کاتژمێر ٢ بۆ ٥ی پاشنیوەڕۆ، توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە توانای جەستەیی بەرز دەکاتەوە و مەترسی برینداربوون کەمدەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی ماسولکەکان گەرمترن و نەرمترن، ئەم ماوەیە دەتوانرێت بە پشوویەکیش هەژمار بکرێت کە یارمەتی زیادکردنی بەرهەمهێنان و باشترکردنی باری دەروونی دەدات.

سەبارەت بە وەرزشەکانی ئێواران کە بەزۆری دوای دەوام ئەنجام دەدرێت، دەرفەتێکە بۆ ئارامگرتن و نەهێشتنی فشاری دەروونی.

هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە توانای جەستەیی لە کاتی ئێواراندا لە لوتکەدا بێت، ئەمەش وەرزشکردن کاریگەرییەکەی زیاتر دەکات، بەڵام دەبێت ئاگادار بین لە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی لەسەر کاتی خەو ئەگەر نزیک پێش خەوتن مەشق بکرێت.

لە کۆتاییدا باشترین کات بۆ وەرزشکردن ئەو کاتەیە کە لەگەڵ ڕۆتینی ڕۆژانە و ئاستی وزەتدا بگونجێت، پابەندبوون بە وەرزشکردنی بەردەوام گرنگترین هۆکارە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لەشجوانی.