مێخەک بە تام و بۆنە جیاوازەکەی ناسراوە، چەندین
سوودی تەندروستی هەیە بۆ جەستە.
لە ڕاپۆرتێکی نوێدا کە لەلایەن ماڵپەڕی پزیشکی "onlymyhealth” بڵاوکراوەتەوە، سوودە تەندروستییەکانی خواردنی مێخەک ڕوون دەکاتەوە.
خواردنی مێخەک دوای ژەمەکان یارمەتی هەرسکردن دەدات بە
هاندانی بەرهەمهێنانی ئەنزیمەکانی هەرسکردن لە گەدەدا، بەم شێوەیەش یارمەتی نەهێشتنی
غازات و ئاوسانی سک و هەرس نەکردن دەدات.
مێخەک بۆ چەندین سەدە وەک چارەسەرێکی سروشتی بۆ
سکچوون و ڕشانەوە بەکاردەهێنرێت. خواردنی مێخەک گەدە لە تێکچوون دەپارێزێت، ئەمەش
وایکردووە ببێتە هەڵبژاردەیەکی نایاب بۆ ئەو کەسانەی دوای ژەمەکان تووشی تێکچوونی گەدە
دەبن.
بەپێی توێژینەوەیەکە مێخەک تایبەتمەندی دژە میکرۆبی هەیە،
ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی توانای ڕێگریکردنی هەیە لە گەشەی وردە زیندەوەران، وەک بەکتریا.
مێخەک یارمەتی کوشتنی بەکتریاکانی ناو دەم و قوڕگ دەدات،
ئەمەش مەترسی هەوکردنی دەم کەمدەکاتەوە و پاکوخاوێنی دەم و ددان دەپارێزێت، هەروەها
مێخەک دەتوانێت ڕێگری بکات لە گەشەکردنی ئەو بەکتریایانەی کە دەبنە هۆی بۆنی ناخۆشی
دەم.
مێخەک پێکهاتەکانی تێدایە کە تایبەتمەندی ئازارشکێنیان
هەیە، ئەمەش وا دەکات کاریگەر بێت لە نەهێشتنی ئازاری ددان و پووک، جوینی مێخەک دەبێتە
هۆی ڕزگاربوونێکی کاتی لە ئازاری ددان و هەوکردن، ئەمەش وایکردووە ببێتە چارەسەرێکی
سروشتی بەناوبانگ بۆ کێشەکانی تەندروستی دەم و ددان.
خواردنی مێخەک
دوای ژەمەکان یارمەتیدەرە بۆ جێگیرکردنی ئاستی شەکری خوێن و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی
دوای نانخواردن، ئەمەش مەترسی ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرە کەمدەکاتەوە.
بۆنی مێخەک سەلمێنراوە کە کاریگەری هێورکەرەوە و کەمکردنەوەی
فشاری دەروونی لەسەر دەروون و جەستە هەیە.
مێخەک بەگشتی تەندروستە بۆ زۆربەی خەڵک بەڵام پێویستە
بە شێوەیەکی مامناوەند بخورێت، هەروەها پێویستە پێش بەکارهێنانی مێخەک وەک چارەسەرێک
ڕاوێژ بە پسپۆڕێکی چاودێری تەندروستی بکەیت، بە تایبەت ئەگەر هەڵگری نەخۆشییەکیت
یان هەستیاریت بەرامبەری هەیە.