چەند رێگایەک بۆ خوێندنەوەی زمانی جەستە

PM:01:37:10/05/2024

7500 جار خوێندراوەتەوە

هەندێک جار تەنانەت رەفتارە زۆر لاوەکییەکانیش دەشێت ئاماژەیەک بن بۆ خوێندنەوەی هەست و بیری بەرامبەرەکەت، ئەمەش پێی دەوترێت زمانی جەستە و دەروون ناسان چەند رێگایەک پێشنیار دەکەن بۆ خوێندنەوەی ئەم رەفتارانە.

لە ماڵپەڕی "برایت سایتـ"ـدا ئاماژە بە پێنج لەم رەفتارانە کراوە کە بەریتین لە:

١. خووی خۆسەرقاڵکردن، ئەگەر خوویەکی بەردەوام بێت یان کاردانەوەیک بێت لە ژێر فشاردا، هەرکاتێک بینیت بەرامبەرەکەت خۆی سەرقاڵ دەکات بە زوو زوو یاریکردن بە قژی یان جووڵاندنی مستیلەکەی، خوراندنی دەموچاوی..هتد، پێویستە بزانیت ئەمە لە فشار یاخود قەلەقی دێت.

٢.دەستگردنت بە یەکێک لە برۆکانەوە، ئەگەر تێبینیت کرد کەسێک دەست دەگرێت بە برۆیەوە، ئەوە بەهەمان شێوە دەشێت ئاماژە بێت بۆ هەستکردن بە فشار و قەلەقی وەک شارەزایان دەڵێن، جۆرێکە لە خۆئارامکردنەوە بۆ هاتنەوەسەرخۆ، ئەم ئاماژە جەستەییە دەشێت لە کاتێکدا بێت کە کەسەکە بە زەحمەت هەوڵ دەدات بۆ وەبیرهاتنەوەی شتێک، کە ئەمەش دووچاری قەلەقی دەکات.

٣.گازگرتن لە نینۆک، گازگرتن لە نینۆک ئاماژەیە بۆ ترس و دڵەڕاوکێ یان شەرم لە بەرامبەر ئەوانی تردا، کە ئەمەش بە هەمان شێوە جۆرێکە لە قەلەقی و کەسەکە دووچاری فشاری دەروونی دەکات، زۆربەی کات ئەم رەفتارە وادەکات دەوروبەر هەستێکی نەرێنییان بەرابەر بە کەسەکە بۆ دروست ببێت.

٤. سەرنج بدەرە سەر شان و ملت، شێوازی وەستان و دانیشتنت پشانی دەدات کە تا چەند کەسێکی باوەڕت بە خۆت هەیە، کاتێک پشتت دەچەمێنیتەوە لە کاتی دانیشتن، نا ئارامی و هەستکردن بە قەلەقی پشان دەدەیت، ئەمەش وا دەکات لاواز دەربکەویت لە چاوی ئەوانی ترەوە، بۆیە زۆر گرنگە لە کاتی وەستان و دانیشتندا گرنگی بە بڵاوکردنەوەی شانەکانت و راگرتنی ملت بە ڕێکی بدەیت.

٥. بێ جوڵەیی، ئەگەر زۆر هێمن بیت و بزێوی نەکەیت لە کاتی گفتوگۆدا، هەستێک دەبەخشێت بە بەرامبەر یاخود دەوروبەرەکەت کە تۆ گرنگی بە بابەت و قسەکانیان نادەیت، بۆیە زۆر جار پێویستە سوود لە زمانی ئاماژە وەربگریت.


H.Y