کەمی هەندێک ڤیتامین هۆکارە بۆ زیادبوونی کێش

AM:09:40:09/05/2024

9936 جار خوێندراوەتەوە

ڤیتامین کاریگەری زۆری لەسەر بەڕێوبردنی کێشەوە هەیە، ڕێکخستنی هۆرمۆنەکان، ئاستی وزە، و کۆنترۆڵکردنی ئارەزووی خواردن پاراستنی کێشی تەندروست تەنها پەیوەندی بە ژماردنی کالۆریەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بەدەستهێنانی ماددە خۆراکییە گونجاوەکانەوە هەیە.

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " lebanon24" دا، باس لەوە دەکات زیادبوونی کێش بە شێوەیەکی خێرا رەنگە بەهۆی کەمی چەند ڤیتامینێکەوە بێت، لێرەدا چەند هۆکارێک دەخەینەروو:

١. کەمی ڤیتامینD

ڤیتامین دی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە میتابۆلیزم و ڕێکخستنی هۆرمۆنەکان، کەمی ئاستی ڤیتامین دی پەیوەندی بە زیادبوونی کێشەوە هەیە، بەو پێیەی دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەستیاری ئەنسۆلین هەبێت و دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی چەوری بەتایبەت لە دەوروبەری ناوچەی سکدا.

٢. کەمی مەگنیسیۆم

مەگنیسیۆم پێویستە بۆ زیاتر لە ٣٠٠ کارلێکی ئەنزیمی لە جەستەدا، کەمی مەگنیسیۆمیش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە ئەنسۆلیندا، ئەمەش ڕەنگە بەشداربێت لە زیادبوونی کێش.

٣. کەمی ئاسن

ئاسن پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی هیمۆگلۆبین کە ئۆکسجین لە خوێندا هەڵدەگرێت و کەمخوێنی بەهۆی کەمی ئاسنەوە دەبێتە هۆی ماندوێتی و کەمبوونەوەی چالاکی جەستەیی، ئەمەش دواجار هۆکارە بۆ زیادبوونی کێش یان گرفت لە دابەزاندنی کێش بەهۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی کالۆری.

کەمی ڤیتامینەکانی B

ڤیتامینەکانی بی کە بریتین لە بی ١٢ و بی ٦ و فۆلێت بەشدارن لە بەرهەمهێنانی وزە و میتابۆلیزمدا و کەمی ئەم ڤیتامینانە دەبێتە هۆی ماندوێتی و دابەزینی ئاستی وزە و خاوبوونەوەی میتابۆلیزم، ئەمەش وادەکات زیادکردنی کێش ئاسان بێت و دابەزاندنی قورس بێت.

کەمی پرۆتین

پرۆتین پێویستە بۆ پاراستن و چاککردنی ماسولکەکان، نەخواردنی پرۆتینی پێویست دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە ماسولکەکان و خاوبوونی میتابۆلیزم و زیادبوونی هەستکردن بە برسێتی، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی بەکارهێنانی کالۆری و زیادبوونی کێش.