هۆکارەکانی پشت ئارەزووی خواردنی سەهۆڵ چین؟

AM:10:10:08/05/2024

5772 جار خوێندراوەتەوە

هەندێک کەس ئارەزووی خواردنی سەهۆڵ دەکەن، کە ئەمەش ڕەنگە پەیوەندی بە کەشوهەوای گەرمەوە نەبێت، بەڵکو سەیرەکە ئەوەیە کە لە کەشوهەوای ساردیشدا هەمان شت دەکەن، بەڵام هۆکارەکەی رەنگە نیشانەی کەمی ڤیتامینێک بێت.

لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی " Medical news today" دا ئاماژەی پێکراوە، رەنگە ئارەزووی خواردنی سەهۆڵ نیشانەیەک بێت بۆ کەمی ڕێژەی ئاسن و خوێن، بەو پێیەی ئەو نەخۆشانەی کەمخوێنی یان کەمی ئاسنیان هەیە هەست بە وریایی دەکەن لەکاتی خواردنی سەهۆڵدا.

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤارێکی ئەمریکیدا بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات کە خواردنی سەهۆڵ ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری دەم و هەوکردنی پەیوەست بە کەمخوێنی و کەمی ئاسنەوە.

بەڵام پێویستە چارەسەری کەمی بنەڕەتی ئاسن بکرێت بە خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ئاسن وەک سەوزە، چەرەسات، نیسک، یان بە خواردنی تەواوکەری خۆراکی.

چەند هۆکارێکی تر هەن کە ڕەنگە هۆکارێک بن بۆ ئەوەی ئارەزووی خواردنی سەهۆڵ بکەیت، وەک هەستکردن بە فشاری دەروونی، چونکە خواردنی سەهۆڵ یارمەتیان دەدات بەسەر گرژی دەروونیاندا زاڵبن، هەروەها لەوانەیە بەهۆی هەستکردن بە وشکبوونەوەی جەستەوە بێت، لەم کاتەدا خواردنی سەهۆڵ یارمەتی ساردکردنەوەی جەستە و شێدارکردنەوەی دەدات، لە بەشێکیش رەنگە پەیوەندی بە دۆخی تەندروستی کەسەکەوە نەبێت، تەنها خوویەک بێت کە لە ئەنجامی زۆر دووبارە خواردنەوەی سەهۆڵ بۆ ماوەیەکی زۆر دروستبووە.