ئایا کاڵەک شەکری خوێن بەرز دەکاتەوە؟

AM:11:13:07/05/2024

29536 جار خوێندراوەتەوە

کاڵەک یەکێکە لە میوە تایبەتەکانی وەرزی هاوین، زۆر کەس ئارەزووی دەکەن، بەڵام زۆرێک لە تووشبووانی نەخۆشی شەکرە لە ترسی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکرەیان خۆیان لێ بە دوور دەگرن.

لە بابەتێکی دکتۆر ئیناس شەلوتوتدا، باس لە سوودەکانی کاڵەک دەکات بۆ نەخۆشانی شەکرە، چۆنیەتی خواردنی بەشێوەیەکی تەندروست.

کاڵەک کۆمەڵەیەکی گەورەی ڤیتامین و ماددە خۆراکییە گرنگەکانی تێدایە، بەم شێوەیە:

کالۆری: ٥٣ کالۆری.

کاربۆهیدرات: ١٤ گرام.

ڕیشاڵ: ١.٤ گرام.

پرۆتین: ١.٣ گرام.

چەوری: ٠ گرام.

ڤیتامینەکان: ڤیتامینC، ڤیتامین A و ڤیتامین K و فۆلات لەخۆدەگرێت.

کانزاکان: کانزاکانی وەک پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم و کالیسیۆمی تێدایە.

ئاو: ٩٠%ی پێکهاتەی کاڵەک پێکدێنێت.

شاڵتۆوت ئاماژەی بەوە کرد کاڵەک شەکری خوێن بەرز ناکاتەوە، بەڵکو بەشدارە لە کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکر لە جەستە و کەمکردنەوەی بەرگری ئەنسۆلین، چونکە شەکری کەمی تێدایە و دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ.

یەکێک لەو شتانەی کە پشتڕاستی دەکاتەوە کە کاڵەک نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن بۆ تووشبووانی شەکرە، ڕێژەی مامناوەندی گلایسیمیکەیەتی کە دەگاتە ٦٥ پلە.

ئەگەر بە رێژەیەکی کەم یان مامناوەند بوخورێت، کاڵەک چەندین سوودی تەندروستی هەیە کە بریتین لە:

١. ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پاراستنی نەخۆشانی شەکرە لە قەبزی، چونکە ریشاڵەکەی جوڵەی ڕیخۆڵەی باشتر دەکات و هەرسکردن و دەردانی ئاسان دەکات.

٢. یارمەتی تووشبووانی شەکرە دەدات بۆ دابەزاندنی کێشی زیادەیان، بەهۆی کەمی کالۆری و توانای ڕیشاڵەکانی بۆ ئەوەی گەدە بۆ ماوەیەکی زۆر بە پڕی بمێنێتەوە.

٣. مەترسی وشکبوونەوەی جەستە بۆ تووشبووانی شەکرە کەمدەکاتەوە، چونکە ئاو ٩٠%ی کۆی بەها خۆراکیەکەی پێکدەهێنێت.

٤. سیستمی بەرگری توشبووانی نەخۆشی شەکرە بەهێزتر دەکات، چونکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی و ڤیتامین A، کە توانای جەستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس و بەکتریا بەرز دەکەنەوە.

٥. یارمەتی پاراستنی تەندروستی پێست و چاو دەدات، هەروەها تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان باشتر دەکات.

سەرەڕای سوودە زۆرەکانی کاڵەک بۆ نەخۆشانی شەکرە دەبێت بە ڕێژەیەکی مامناوەند بخورێت، بۆ ئەوەی دووربکەونەوە لە زیانەکانی چونکە ئەگەر زیادەڕۆی بکرێت لە خواردنی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن، بەهۆی هەبوونی رێژەیەکی بەرزی پۆتاسیۆم رەنگە زیان بە تەندروستی گورچیلە بگەیەنێت، رەنگە هەندێک کەس تووشی هەستیاری بن و ببێتە هۆی خوران یان ئاوسانی قوڕگ و لێویان.