رۆژی جیهانیی پێکەنینە؛ هاوشێوەی دەرمان چارەسەری نەخۆشی دەکات؟

PM:07:46:05/05/2024

176 جار خوێندراوەتەوە

یەکەم یەکشەممەی مانگی ئایاری هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانیی پێکەنین لە سەرتاسەری جیهاندا دیاری کراوە، پسپۆڕانیش باس لەوە دەکەن، پێکەنین چەندین سوود بە جەستەی مرۆڤ دەگەیەنێت و دەتوانێت هاوشێوەی دەرمان چارەسەری نەخۆشی بکات، ئەمڕۆش وەک یەکەم یەکشەممەی مانگی ئایاری ئەمساڵ، رۆژی جیهانیی پێکەنینە.

ئامانج لە دیاریکردنی ئەم رۆژە، زیادکردنی هۆشیارییە بۆ زیاتر پێکەنینی مرۆڤ، جگە لەوەی هۆکاری سەرەکییەکەی پەیوەستە بە چارەسەری تەندروستی و سوودەکانی کە لەو رێیەوە بەدەستدێت.

بە بڕوای شارەزایان، سودەکانی پێکەنینیش خۆی دەبینێتەوە لە کەمکردنەوەی فشاری خوێن و کەمکردنەوەی هۆرمۆنی نیگەرانی و بەرزکردنەوەی بەرگری لەشی مرۆڤ و توندکردنەوەی ماسولکەکانی گەدە و چالاکی لێدانی دڵ و سوتاندنی کالۆری زیادکردنی دەردانی هۆرمۆنی ئەندۆرفین کە ئازارەکانی لەش ناهێڵێت.

رۆژی جیهانیی پێکەنین یادێکی ساڵانەیە و یەکەم یەکشەممەی مانگی پێنجە لە جیهاندا و زیاتر لە ٧٠ وڵات لە جیهاندا یادى ئەو بۆنەیە دەکەنەوە و مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٨ کە لەلایەن دکتورێکی تایبەتی یۆگاوە داهێنراوە.

لە بنەڕەتدا بۆنەکە لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزرا، کە ئاماژەکانى دەمووچاو کاریگەرى هەیە لەسەر سۆزی مرۆڤ و ئامانجی هۆشداریی جیهانیی برایەتی و ئاشتەواییە لەڕێی پێکەنینەوە.

هەر لەم رۆژەدا و لە سەرتاسەری جیهاندا، چەندین کۆمەڵ و دەستە یادی دەکەنەوە و تەکنیکی نوێ بۆ پێکەنین دەخەنە روو، لە ئیندۆنیزیا ساڵانە هەزاران کەس کە راهێنانی یۆگا دەکەن، لە دوورگەی بالی کۆدەبنەوە و پێدەکەنن وەک یادکردنەوەیەک لەو رۆژە.

زۆرترین ئەو وڵاتانەشی کە خەڵکەکەى پێدەکەنن بەپێی ریزبەندی بریتین لە، وڵاتانی بەریتانیا و ئەمریکا و ئوستورالیا ئیرلەندا و فلیپین.

S.A