مەترسییە گەورەکانی دەفری خۆراکی پلاستیکی

AM:11:13:27/04/2024

1404 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە کەلوپەلی پلاستیکی خۆراک، وەکو دەفر و کیسی پلاستیکی، تێکەڵەیەک لە ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان لەخۆدەگرن.

تیمی لێکۆڵینەوەکە لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای نەرویجی وەک لە "لوبنان ٢٤"دا هاتووە، رێگەیەکی دوولایەنەیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بزانن چ مادەیەکی کیمیایی لەناو پلاستیکدا هەیە.

سەرەتا هەموو ماددە کیمیاییەکانیان لە هەر بەرهەمێکی پلاستیکی بە بەکارهێنانی میتانۆل دەرهێنا، دواتر ئەم تێکەڵە کیمیاییانەیان خستە ژێر پشکنینی تاقیگەیی، بۆ ئەوەی بزانن ئایا هەندێک وەرگری مرۆڤ چالاک دەکەن یان رێگری دەکەن کە بەشدارن لە رێکخستنی هۆرمۆن و میتابۆلیزم لە جەستەدا.

بەپێی توێژینەوەی "Study Finds" توێژەران ئەو ماددە کیمیاییانەیان دۆزیوەتەوە کە کاریگەرییان لەسەر ئەرکەکانی پاککردنەوەی ژەهراویبوونی جەستە و هۆرمۆنەکانی میتابۆلیزمی چەوری هەیە.

هەروەها توێژەران ١٨ ماددەی کیمیایییان دۆزیوەتەوە کە کاریگەری ئیسترۆجینیان لێ وەردەگیرێت، ژمارەی ماددە کیمیاییەکانی یەکێک لە کەرەستە پلاستیکییەکان گەیشتە ٩ هەزار و ٩٣٦ ماددە.

لە ئەنجامەکاندا هاتووە، "ئەوەی بە تایبەتی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە بەرکەوتن بەم ماددە کیمیاییانەی هۆرمۆن تێکدەدەن پەیوەندی بە کۆمەڵێک کێشەی تەندروستییەوە هەیە، لەوانە قەڵەوی، شەکرە، کەمبوونەوەی توانای منداڵبوون و هەندێک جۆری شێرپەنجە".

دۆزینەوەکان هۆشدارییان داوە کە منداڵان بە تایبەتی بەرەوڕووی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو ماددە کیمیاییانە دەبنەوە کە لە پاکەتە خۆراکیە پلاستیکیەکاندا بوونی هەیە.