توێژینەوەیەک زیانەکانی گوێگرتن لە گۆرانی دەنگ بەرز دەخاتەڕوو لەکاتی شۆفێریدا

AM:09:49:27/09/2021

9428 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی برۆنیلی لەندەن ئەنجامدراوە دەریخستووە کە گوێگرتن لە گۆرانی دەنگ بەرز و ژاوەژاو دەبێتە هۆی ماندووبوونی مێشک و کاریگەری لەسەر شۆفێرەکە دەبێت و ڕەنگە بەرەو هەڵەی ببات.

هەواڵێکی ماڵپەڕی دەیلی مەیلی بەڕیتانی باسی لەوەکردووە کە توێژەرەکان کاریان لەسەر ٣٤ کەس کردووە وەک تاقیکردنەوە و ئامێری دیاریکردنی خێرای و تۆمارکردنی ڕۆشتنیان بۆ داناون، لە ماوەی هەر هەشت خولەکێکدا، شۆفێران ڕوبەڕوی پێنج ڕووداو بوونەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا و تێیاندا هەریەک لە پەڕینەوەی پیادە و ترافیکی سور و دەرچوون لە بارهەڵگری تێدابووە.

هاوکات توێژەران توانییان ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە گوێگرتن لە دەنگی بەرز یان ئەوانەی وشەی سۆزداری زۆری تێدایە، بووە هۆی بەرزتربوونی جۆش و خرۆشی هەست وەک لە میوزیکی نەرم و سادە، کە ئەوەش شۆفێرەکان بەرەو هەڵەی گەورە دەبات.

توێژینەوەکانی پێشوو ئەوەیان خستووەتەڕوو کە مۆسیقای بەرز دەتوانێت ئاستی شەڕانگێزی بەرزبکاتەوە و هانی متمانە بەخۆبونێکی زیادەبدات بە تایبەتی لەنێوان شۆفێرە گەنجەکان.

لە کۆتایدا توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە شۆفێران پێویستە ڕەچاوی بەکارهێنانی مۆسیقای ئارامکەرەوە بگرن بۆ باشترکردنی باری سۆزدارییان لەکاتی لێخوڕینی ناو شارەکاندا.