بەدەر لە ساڵنامەی زایینی کە بەشێوەیەکی گشیی زۆرینەی وڵاتانی جیهان بەکاریدەهێنن،
لە جیهاندا چەندین ساڵنامەی جیاواز هەن، لە ناویشیاندا ساڵنامەی کوردی.
بەر لەوەی کار و رووداوەکان بخرێنە ناو زنجیرەی ساڵ و رۆژەوە، ساڵ بە
رووداوەکان دیاریدەکرا، رووداوەکان وەک چۆن زادەی کاتێکی دیاریکراون لەگەڵ ئەوەشدا
وەک پێشبینی بۆ رووداوەکانی دواتر بەکارهاتوون: بۆ نموونە ئەو ساڵ و کاتەی کە تۆفانی
نوح هەستا یان ئەو ساڵەی یان ئەو کاتەی فڵان نەخۆشی بڵاوبووەوە.
لەناو کوردەواریشدا چەند ساڵێکی دیاریکراو هەن وەک ساڵی گرانییە گەورەکە، یان
ساڵی بەفرە زۆرەکە ئەمە بۆ ئەوانە بوو کە بە رووداو دابەشکاری دەکەن نەوەک بە ژمارە.
جووەکان ساڵی عیبرییان هەیە و مەسیحییەکان ساڵی زایینی و عەرەبەکان ساڵی کۆچی
کە وەک ساڵی ئایینی دانراوە لەلایەن عومەری کوڕی خەتابەوە، چینیەکان ساڵی تایبەت بە
خۆیان هەیە، هاوکات ئێرانییەکانیش ساڵی هەتاوییان هەیە، بەڵام هیچیان ئەوەندەی ساڵی
کوردی تەبا نین کە ناوەڕۆکەکەی لەگەڵ ناوەکەیدا هەماهەنگە و لەبەرکردنیان ناوێ تەنها
ئەوەندە بەسە سەیری زەوی بکەیت بزانی لە کام وەرز و چ مانگێکی ساڵدایت.
ساڵنامەی کوردی؛ بە تەباترین ساڵنامە بە سروشت ناسراوە، ساڵنامەی کوردی ساڵنامەیەکی
هەتاوییە و پەیوەستە بە جوڵەکانی سروشتەوە ئەگەرچی لەسەر مێژووی ساڵنامەی کوردی جیاوازی
هەیە کە ٧٠٠ ساڵ بەر لە زایین هەژمار بکرێت و بە دەستپێکی دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتی
مادد لەلایەن دایاکۆوە دیاری بکرێت یان بە گەڕانەوە بۆ کاتێکی زووتر کە ٦١٢ی بەر لە
زایینە و هاوکاتی روخانی دەسەڵاتی ئاشوورییەکانە.
بەڵام بەگشتی ساڵنامەی کوردی ٧٠٠ ساڵ بەر لە زایینی بۆ هەژمار کراوە و دابەش
بووە بەسەر چوار وەرزدا، هەر وەرزێک لە سێ مانگدا جێگیر کراوە، شەش مانگی سەرەتای
ساڵی ٣١ رۆژە، پێنج مانگی کۆتایی ٣٠ رۆژە و مانگی کۆتایی ٢٩ رۆژە و لەساڵە پڕەکاندا
٣٠ رۆژە.
ناوی مانگەکان بەپێی وەرزەکان و ناوەڕۆکی کاردکردن دیاری کراوە بەم جۆرە:
وەرزی بەهار
نەورۆز ناوی دووەمی خاکەلێوە؛یەکەم مانگی ساڵی کوردییە و لەو مانگەدا زەوییەکان
دەکێڵدرێن و دەشت و دەر سینەی بەڕووی تۆوەکاندا دەکاتەوە، چەشنی لێو واتە ئەو کاتەی
توێژاڵی خاک وەک لێوی کراوەی لێ دێت، ئەمە سەرەتای نوێبوونەوە و ناوی یەکەم مانگی
ساڵی کوردییە.
گوڵان ناوی دووەمی بانەمەڕە؛ دووەم مانگە و دوای تێپەڕینی وەرزی یەکەم و چەکەرەکردنی
تۆوەکان، گیاکان بەرەو چرۆکردن دەچن و دەشت و دەر بە گوڵ دەتەنرێت، یان بۆ ناوی
دووەمی دەڵێن، مەڕوماڵاتەکان رووەو هەوارگەکان بار لێدەنێن و دەڕۆن.
جۆزەردان؛ سێیەم مانگی ساڵی کوردییە و لەو مانگەدا جۆ بەرەو زەردبوون و پێگەیشتن
دەڕوات و دەست دەکرێت بە دروێنەکردن.
وەرزی هاوین
پوشپەڕ؛ چوارەم مانگی ساڵەکەیە و لەم مانگەدا پلەکانی گەرما زیاتر بەرز دەبنەوە
و پووشی پێدەشت و قەدپاڵەکان بە شنەبایەک دەپەڕێت.
گەلاوێژ؛ پێنجەم مانگە و لەم مانگەدا ئەستێرەی گەلاوێژ دەنگوێت و پلەی گەرما
لە بەرزبوونەوە دەوەستێت و روو لە کشانەوە دەکات.
خەرمانان؛ شەشەم مانگی ساڵی کوردییە و لەو مانگەدا دروێنە دەکرێت و جوتیاران
دەست دەکەن بە هەڵگرتنی خەرمانەکانیان.
وەرزی پایز
ڕەزبەر؛ حەوتەم مانگی ساڵە و ئەو مانگە مانگی پێگەیشتنی بەروبووم و رەزەکانە
بەتایبەت رەزی ترێ.
گەڵاڕێزان، ناوی دووەمی خەزەڵوەر؛هەشتەم مانگی ساڵە و لەم مانگەدا دارەکان
خۆیان دەتەکێنن و گەڵاکانیان دەوەرێت.
سەرماوەز؛ نۆیەم مانگە و لەم مانگەدا شەپۆلی سەرما دێت، "وەز" لە
لێکدانەوەکاندا بە مانای شەپۆل دێت، بۆیە زەوی بەرەو شەپۆلی سەرما هەنگاو دەنێت.
وەرزی زستان
بەفرانبار؛ دەیەم مانگی ساڵی کوردییە و لەو مانگەدا بەفر دەبارێت و ناوچەکان
بە رەنگی خۆی دەنەخشێنێت و سەری چیاکان وەک مەندیل دەگرێت.
رێبەندان؛ یانزەیەم مانگە و ئەو مانگە مانگی گیرانی جادە و بانەکانە بەهۆی
بەفر و بارانی زۆر و بەستنی رێگاکان بەهۆی سەرماوە، لە کوردیدا "بەند" بە
واتای کۆت و بەند و بەستنیش دێت.
رەشەمێ؛ دوانزەیەم و کۆتا مانگی ساڵی کوردییە و بەرامبەرە بە مانگی شوباتی
زایینی، لەو مانگەدا زاوزێی ئاژەڵان دەست پێدەکات و خۆرەتاو بەجۆرێک خۆش دەبێت خەڵک
خۆی دەخاتە بەری و بەهۆی خۆرەتاوەکە رەنگیان رەش دادەگەڕێت.
هەر گەل و نەتەوەیەک کە خاوەن رابردوویەکی درێژ بێت هەوڵی داوە ساڵ و مانگی
تایبەت بە خۆی هەبێت.
S.A