کاروان خەباتی و نێچیر هەورامی بەرهەمێکی دوێتیان بڵاوکردەوە

PM:05:32:24/09/2021

12972 جار خوێندراوەتەوە

هەردوو هونەرمەندی میللی کاروان خەباتی و نێچیر هەورامی بەرهەمێکی دوێتیان وەک پاڵپشتی بۆ جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڵاوکردەوە.

لەئێستادا بانگەهەشەی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لەو سەروبەندەدا هەریەک لە هونەرمەندان کاروان خەباتی و نێچیر هەورامی گۆرانییەکی دوێتیان بۆ پاڵپشتی و پشتگیری لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڵاوکردەوە.

گۆرانییەکە بە ناونیشانی "نەوەی نوێ خەمخۆرەکەم تیشکی گڵۆپت خۆرەکەم"ـە، لە گۆرانییەکەدا ناڕەزای دەردەبڕن لە خراپی گوزەرانی هاوڵاتییان و داوا لە هاوڵاتییان دەکەن کە دەنگ بە کاندیدانی نەوەی نوێ بدەن.

گۆرانییەکە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و هەورامییە، دیار مەهدی کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامداوە و پرۆدیوسەری بەرهەمەکە هامنۆ بلاک بووە و کاری وێنەگری لەلایەن پرسیار زاهیرەوە بۆ ئەنجامدراوە.

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، هونەرمەند کەمال محەمەد بەرهەمێکی بەناوی "ئیتر بەسە" بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لە دۆخی هەرێم دەکات و بە بەرپرسان دەڵێت، "ئێوە بوون نیشتیمانتان بەم رۆژە گەیاند."

بڕیارە لە ١٠ی ١٠ ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەک هێزێکی سەرەکی هەرێمی کوردستان تیایدا بەشدارە، وەک بەرپرسانی جوڵانەوەکە دەڵێن، بەهۆی کارەکانی ماوەی رابردوویان لە پشتگیری کردن و بە دەمەوە هاتنیان بۆ داواکاری هاوڵاتییان چاوەڕوان دەکەن دەنگەکانیان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە و ببنە جێی متمانەی بەشێکی زۆری هاوڵاتییان.