بە دروشمی "سلێمانی، لە قوڵایی مێژووەوە بۆ لوتكەی داهێنان"
، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی ساڵیادی ٢٣٩ ساڵەی دامەزراندنی
شاری سلێمانی دەکاتەوە.
سەعات ٣:٣٠ـی پاش نیوەڕۆی رۆژی یەكشەممەی داهاتوو ١٢/١١/٢٠٢٣ ، لە تەلاری
هونەر ساڵیادەكە بە چەندین چالاكی هونەری و كلتوری و رێزلێنان لە كەسایەتییە هونەری
و ئەدەبییەكان بەڕێوەدەچێت.
چالاكییەكانی یادەكە، بریتیین لە كردنەوەی پێشانگایەكی شێوەكاری، ئەنجامدانی
كۆنسێرتێكی گۆرانی و میوزیكی رەسەنی كوردی بە بەشداری هونەرمەندان: نەژاد بەرزنجی،
نیان عەبدوڵا، هەردی عوسمان عەلی، شوان قەرەداغی، سێوە كامیل، هەروەها نمایشكردنی
فیلمێكی دۆکیومێنتاری لە بارەی ئەدەب لەشاری سلێمانی.
پاشان نمایشكردنی تابلۆیەكی هەڵپەڕكێی كوردیی و لە كۆتایی یادەكەشدا خەڵاتی
رێزلێنان بەسەر چەند كەسایەتییەكی هونەریی و ئەدەبی سلێمانی دابەشدەكرێت، كە رۆڵیان
هەبووە لەو دوو بوارەدا.
شاری سلێمانی كە بە پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان و شاری داهێنەری
ئەدەبی جیهانی دادەنرێت، ٢٣٩ ساڵ لەمەوبەر لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان لە ١٤ی
تشرینی دووەمی ١٧٨٤ دامەزراوە.