لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ
دیجیتاڵ میدیای NRT سەمیرا کارزان
و هاوسەرەکەی باسیان لە نوێترین بەرهەمی هونەرییان کرد و چەند نهێنییەکی هاوسەرگیرییەکەیان
درکاند.
سەمیرا کارزان لەبارەی
پڕۆژەی نوێی هونەرەییەوە پێی ڕاگەیاندین کە چەند کارێکی شادیان بەدەستەوەیە لەگەڵ ڕێبازی
هاوسەرەی کە لەم مانگەدا کلیپەکەی تۆماردەکەن و پاشان بڵاوی دەکەنەوە و ئەوەشی وت
پاش کلیپەکە کار لەسەر ئەلبومێکی هەشت تراکی دەکەن و بڕیار وایە لە ٢٠٢٢دا بڵاوی
بکەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە هۆکاری
هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ تۆمارکردنی چەند گۆرانییەک لەلای ئەفشین
شوکری میوزیسیان و دەرهێنەر و جگە لەوەش ئاماژەی بەوەکرد لە ماوەی داهاتوودا سوپڕایزییان
بۆ هەوادارەکانیان دەبێت.
لەبارەی ژیانی تایبەتییانەوە
و هاوسەرگیرییەکەیانەوە سەمیرا ئەوەی ئاشکراکرد کە هاوسەرگیرییەکەیان لەڕێگەی هونەرەوە
بووە و لەدوای ئەوە بووە کە ڕێباز چووەتە شاری بۆکان بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆنسێرتێک
لە شاری بۆکان لەوێیەوە یەکتریان ناسییوە و لەسەر هەمان ستایل کاریان کردووە بۆیە
هەستیان بە نزیکی کردووە و دوای دوو ساڵ کارکردن بەیەکەوە بڕیاریان داوە کە هاوسەرگیری
بکەن.
لەکۆتای قسەکاندا ڕێباز
ئەوەی خستەڕوو کە سوپڕایزێکی گەورەیان بەدەستەوەیە کە ئەلبوومەکەیان دەبێت لە ساڵی
٢٠٢٢ بڵاودەکرێتەوە و تەواوی کلیپەکانی لە ئەوروپا تۆمار دەکرێت و بەشێوازێکی پڕۆفیشناڵ
کاری تێدا دەکرێت و خەڵکی چەندین نەتەوەی جیاواز لە کلیپەکەدا بەشداردەبن و دواتریش
مەڕاسیمێک ڕێکدەخەن بۆ بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکە و ناساندنی.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەمە
یەکەم دەرکەوتنی سەمیرا کارزانە لەڕێگەی کەناڵێکی کوردییەوە و بەرنامەکەی بەم نزیکانە
لەسەر شاشەی NRT2 پەخشدەکرێت.
سەمیرا کارزان تەمەنی
٢٢ ساڵە و لەدایکبووی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ماوەیەکی کەمە لە بواری
هونەرییدا دەرکەوتووە و چەند بەرهەمێکی تایبەت بەخۆی هەیە، زیاتر بە گۆرانی
"دکتۆر" ناوبانگی پەیداکردووە.
ڕێباز حسێن ناسراو بە ڕێباز
شەمامی ساڵی ١٩٨٥ لەدایکبووە، زیاتر لە ١٥
ساڵە کاری هونەری دەکات، هەرچەندە خۆی خەڵکی سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام
لە شاری شیراز لە وڵاتی ئێران دەژی، زیاتر لە ٥٠ بەرهەمی فارسی و ٥٠ بەرهەمی کوردی
هەیە.
ل.ل