سەروپێ لە هەندێک ناوچە
پێی دەوترێت "پاچە" یەکێکە لەو خواردنانەی زۆر کەس حەز بە خواردنی دەکات
و شێوازی ئامادەکردنی جیاوازی هەیە، زیاتر لە میوانداری و کەشی سارددا ئامادە دەکرێت.
لێرەدا بە ڕێگەیەکی
ئاسان ئامادەکردنەکەی دەخەینە ڕوو.
کەرەستەکانی:
ورگ و قاچ و زمانی بەرخ
نیو کیلۆ قیمە
دوو کوپ برنجی خڕ
زەیت
دوو کەوچکی چێشت زیرە
و زەردەچەوە و ئاڵەتی ڕەش و بەهاراتی سەروپێ
شەش دەنک مێخەک
خوێ بەپێی پێویست
زەیت
ئاو
بادەم و گوێز و کشمیش
ئامادەکردنەکەی:
سەرەتا سەروپێکان بەباشی
پاککرابێت و شۆرابێتەوە، یەکەمجار قاچ و زمانەکەی بە لەتکراوی بخرێتە ناو بوخارێکەوە
و بەهارات و خوێ و ئاوی گەرمی تێبکرێت، لەسەر ئاگرێکی بەهێز دابنرێت، دوای پێنج
خولەک گڕی ئاگرەکە کەمبکرێتەوە.
ورگەکان پارچە پارچە
بکرێت و بە دەزوو لاکانی بدورێت جگە لە لایەکی بۆئەوەی برنجەکەی تێبکرێت.
قیمەکە لە تاوەیەکدا
سوربکرێتەوە و کەمێک زەیتی تێبکرێت، پاشان خوێ و کاکڵە گوێز و بادەم و کشمیشەکەی تێکەڵبکرێت
و پێکەوە سوربکرێنەوە.
برنجەکە بشۆرێتەوە و زیرە
و ئاڵەتی ڕەش و زەردەچەوە و خوێ و مێخەکی تێبکرێت و تێکبدرێت، دواتر قیمە سورکراوەکەی
تێکەڵبکرێت، دوای ئامادەکردنی برنجەکە بە کەوچک بکرێتە گیپەکانەوە، بە مەرجێک نیوەی
گیپەکە برنجی تێبکرێت بۆئەوەی برنجەکەی ناوی ڕەق دەرنەچێت.
قاچ و زمانەکان لەناو
بوخارەکە دەردەهێنرێت و دەکرێتە مەنجەڵێکەوە و گیپەکانی تێدەکرێت، دەخرێتە سەر
ئاگرێکی مامناوەند و وازیلێدەهێنرێت تا دەکوڵێت، لە کۆتاییدا ئامادەی خواردن دەبێت.