ئەو خواردن و خواردنەوانەی دەبنە هۆی لەبارچوونی کۆرپەلە

PM:03:54:07/12/2022

22296 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆرێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون ئاشکرایکردووە، ماوەی دووگیانی ماوەیەکی زۆر هەستیارە بۆ خانمانە دووگیانەکان، چونکە دەبێت سیستەمێکی خۆراکی تەندروست پەیڕەو بکەن، بۆ ئەوەی کۆرپەلەکە بە باشی گەشەی خۆی تەواو بکات و دایکەکەش ماوەی دووگیانیەکەی بە تەندروستی بە ڕێبکات، هەر بۆیە گرنگە لەو ماوەدا ئاگاداری خۆراکەکانیان بن.

چرۆ حەسێن عەزیز پزیشکی نەشتەرگەری و پسپۆڕی ژنان و منداڵ بوون و نەزۆکی لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک ئاماژەی بەو خۆراکانە کردووە کە دەبنەهۆی لەبارچوونی کۆرپەلە، ئەوانیش:

یەکەم: ماسی

دەوڵەمەندە بە جیوە کەژەهراویترین توخمە و بە شێوەیەکی باو لە ئاوی پیسدا دەبینرێت، هەربۆیە ماسییە دەریاییەکان و زەریاییەکان بڕێکی زیاتر جیوەیان تێدایە، کە دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەشەی مێشک و کۆئەندامە دەماری کۆرپەلە، هەر بۆیە خانمانی دووگیان دەبێت دووربکەونەوە لە خواردنی ماسی هەڵگیراو و لە قوتونراو لەگەڵ ئەوانەی دەوڵەمەندن بە جیوە وەک ماسی تونا و مارلین.

دووەم: جگەری ئاژەڵ

جگەری ئاژەڵ یەکێکە لە سەرچاوە دیارەکانی ماددە خۆراکییەکان، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە دەبێت خانمانی دووگیان بەردەوام جگەری ئاژەڵ بخۆن بۆ دەستکەوتنی ئەو ماددە خۆراکییانە، بەڵکو دەتوانن لە مانگێکدا ١-٢ جار بەبڕی ٤٠ گرام جگەر بیخۆن.

جگەری ئاژەڵ کە دەڵەمەندە بە ڤیتامینA خواردنی بڕێکی زۆر لێی دەکرێت ببێتە هۆی، تێکچوونی زکماگی لە بۆری میز و بڕبڕەی پشت، دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی ئاوی سەری کۆرپەلەکە لە ئەنجامدا ببێتە هۆی لەبارچوونی کۆرپەلە.

سێیەم: هێلکەی باش نەکوڵاو

هێلکە کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی پڕۆتینە دەکرێت زیان بە خانمانی دووگیان بگەیەنێت، چونکە کاتێک هێلکە باش نەکوڵاو بەکتریای سالمۆنێلای تێدایە کە دەبێتە هۆی لەبارچوونی کۆرپەلە.

چوارەم: میوەی پاپایا

میوەی پاپایا یەکێکە لەو میوانەی کە خانمانی دووگیان نابێت لە ماوەی دووگیانیدا بیخۆن بەتایبەت لە سێ مانگی یەکەمدا، میوەی پاپایای پێنەگەیشتوو کۆمەڵێک ئەنزیمی تێدایە کە دەبێتە هۆی ژان لە منداڵدان بەمەش دەبێتە هۆی خوێنبەربوون یان لەبارچوونی کۆرپەلە.

پێنجەم: قاوە

زۆر خواردنەوەی قاوە لە ماوەی دووگیانیدا دەبێتە هۆی کەمبوونی کێشی کۆرپەلە و لەبارچوونی کۆرپەلە، بۆیە خانمانی دووگیان دەبێت دووربکەونەوە لە خواردنەوەی قاوە لە ماوەی دووگیانیدا.

شەشەم: خواردنەوە کهوولیەکان

خواردنەوە کهوولیەکان زیانێکی زۆر دەگەیەنن بە کۆرپەلە ئەگەر هاتوو دایکەکە لە ماوەی دووگیاندا بیخواتەوە، چونکە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە گەشەی مێشکی کۆرپەلە و زیادکردنی ئەگەر منداڵبوون بە مردووی و لەبارچوون، تەنانەت ئەگەر بە بڕێکی کەمیش بێت دەبێتە هۆی شێواوی دەم و چاو، تێکچوونی زکماگی دڵ.

حەوتەم: ئەنەناس

ئەنەناس یەکێکە لەو میوانەی کە خانمانی دووگیان دەبێت دوور بکەونەوە لە خواردنی لە ماوەی دووگیانیدا، چونکە ئەنەناس ماددەی برۆمیلینی تێدایە کە دەبێتە هۆی نەرمکردنی ماسولکەکانی منداڵدان و لەبارچوونی کۆرپەلە.

هەشتەم: ئەو خواردن و خواردنەوانەی لە قتوو یان شووشە هەڵگیراون

خواردن و خواردنەوە لە قتوو یان شووشە هەڵگیراوەکان ماددەی پارێزەر و هەندێکجار ڕەنگی تێدەکرێت بۆ خراپ نەبوونی خواردن و خواردنەوەکان، کە ئەمانە زیان بە کۆرپەلەکە دەگەیەنن بۆیە دەبێت خانمانی دووگیان دووربکەونەوە لە بەکارهێنانیان.

نۆیەم: خورما

باشتر وایە خانمان لە ماوەی دووگیانیدا دوور بکەونەوە لە خواردنی بڕێکی زۆر لە خورما، دەتوانرێت لە ڕۆژێکدا ١-٢ دەنک خورما بخورێت، چونکە خواردنی بڕێکی زۆر لێی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە لەئەنجامدا زیان بە کۆرپەلە دەگەیەنێت.

ئ.ل