گەشتکردن بە فڕۆکە چی بەسەر سییەکانتدا دەهێنێت؟

PM:12:15:25/04/2024

5672 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە گەشتکردن ئەزموونێکی خۆشە، بەڵام بەپێی وتەی پسپۆڕێک فڕین دەتوانێت کاریگەری بەرچاوی هەبێت لەسەر سییەکان. 

دکتۆر لۆڕێنس کانینگهام، پسپۆڕی پزیشکی لە ڕێبەری چاودێری بەریتانیا ڕوونکردنەوەیەک دەدات بە گەشتیاران و دەڵێت " دابەزینی پەستانی هەوا بەزۆری کێشەی زۆر دروست ناکات چونکە زۆرجار جەستەمان خۆی دەگونجێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا"

بەڵام رەنگە هەندێک کەس بەهۆی دابەزینی پەستانی هەواوە تووشی چەند کێشەیەک ببن کە دەبێتە هۆی هەست کردن ناڕەحەتی، ماندوێتی، زیادبوونی لێدانی دڵ، یان هەناسە تەنگییەکی کەم

کاننینگهام هۆشداری دەدات لەوەی کە ڕەنگە هەندێک لە سەرنشینەکان ڕووبەڕووی گەشتێکی قورستر ببنەوە لە چاو ئەوانی دیکەدا بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی سییەکانیان هەیە یان تەنگەنەفەسییان هەیە لەوانەیە تووشی خراپتربوونی نیشانەکان بن، وەک کۆکە و سەختی هەناسەدان.

جگە لەوەش شێی کەم لە کابینەکەدا دەتوانێت بۆری هەوا وشک بکاتەوە، ئەمەش زیاتر کاریگەری لەسەر سییەکان دەبێت و نیشانەکانی هەناسەدانیان لێدەکەوێتەوە.

باسیشی لەوە کرد ئەو کەسانەی کە ئەم جۆرە حاڵەتانەیان هەیە پێویستە پێش گەشتکردن بە فڕۆکە ڕاوێژ بە پزیشکی گشتی خۆیان بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێوشوێنی خۆپارێزی و پێویستی ئەگەری ئۆکسجینی تەواوکەر لە کاتی گەشتەکەدا.

دکتۆر کانینگهام چەند هەنگاوێکی سەرەکی خستەڕوو کە پێویستە پێش گەشتکردن بە فڕۆکە بیگریتەبەر کە یارمەتیت دەدات هەست بە ئاسوودەیی زیاتر بکەیت و بتوانیت بەرانگاری کاریگەرییەکانی کەمی ئاستی ئۆکسجین ببیتەوە، بەم شێوەیە:

یەکەم هەنگاو بریتییە خواردنەوەی بڕێکی پێویستی ئاو بۆ ئەوەی جەستە بە شێداری بمێنێتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوە پێویستە لە کاتی فڕینەکەتدا هەستن و بجوڵێیت، چونکە جوڵە یارمەتی باشترکردنی سوڕی خوێن دەدات، هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە پاراستنی کارکردنی سییەکان بە باشترین شێوە.

هەروەها پزیشکەکە پێشنیاری بەکارهێنانی سپرای لووت دەکات پێش گەشتکردن چونکە بەم شێوەیە ڕێڕەوی لووتت بە شێداری دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی یارمەتی کەسەکە بدات بە باشی هەناسە بدات.

لە کۆتاییدا، ڕاهێنانی هەناسەدانی قووڵ دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی کەمی ئاستی ئۆکسجین.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی ئەم ڕاهێنانانە یارمەتی باشترکردنی توانای سییەکان دەدەن، بە شێوەیەکی گشتی دڵەراوکێ کەمدەکاتەوە.