تەمەنی پیری لە کەیەوە دەست پێدەکات؟

PM:05:43:23/04/2024

46152 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن تیمێکی نێودەوڵەتی لە توێژەران لە ئەڵمانیا و ئەمریکا ئەنجامدراوە، ئاشکرای دەکات کە پێناسەی "پیربوون" لە گۆڕاندایە و بە بەراورد لەگەڵ نەوەکانی پێشوو، ئێستا مرۆڤەکان درەنگتر خۆیان بە "پیر" دەزانن لە ژیاندا.

توێژینەوەکە ئاماری زیاتر لە ١٤ هەزار کەسی شیکردەوە کە لە نێوان ساڵانی ١٩١١ بۆ ١٩٧٤ لەدایک بوون و لە راپۆرتێکی "زانکۆی هۆمبۆڵتـ"ـی ئەڵمانیدا بڵاوکراوەتەوە.

بەپێی توێژینەوەی توێژینەوەکە، پرسیارێکی سادە لە بەشداربووان کراوە، لە چ تەمەنێکدا کەسێک بە پیر پەسن دەکەیت،

بەپێی ئەنجامەکان، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ناوەڕاستی شەستەکاندایە پێیان وایە "پیربوون" لە دەوروبەری تەمەنی ٧٥ ساڵییەوە دەستپێدەکات.

دکتۆر مارکوس وێتشتاین، کە سەرپەرشتی توێژینەوەکەی لە زانکۆی هومبۆڵتی ئەڵمانیاوە کردووە، دەڵێت، مامناوەندی تەمەنی مرۆڤ زیادی کردووە، ئەمەش رەنگە بەشداربێت لە دەرکەوتنی پیربوون لە کاتێکی درەنگتردا، هەروەها هەندێک لایەنی تەندروستی باشتر بووە، بەشێوەیەک مرۆڤ لە تەمەنێکی دیاریکراودا کە بە پیر هەژمار دەکران "لە رابردوودا"، رەنگە ئێستا بە پیر نەزانرێن."

لە ئەڵمانیا، تەمەنی خانەنشینی وردە وردە لە ٦٥ ساڵ تێپەڕیوە، تا ساڵی ٢٠٣١ دەگاتە ٦٧ ساڵی، ئەگەر خەڵک بیانەوێت زیاتر کار بکەن، ئەوە شتێکی ئاسییە کە رەنگە تا دواتر خۆیان بە "پیر" نەزانن.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی توێژەران بوو ئەوەیە کە بۆیان دەرکەوت کە رەوتی دواخستنی پیربوون لەم دەیان ساڵەی دواییدا خێراتر بووە، بەڵام رەنگە ئێستا گەیشتبێتە ئاستێکی بەرز.

لە کاتێکدا ئەوانەی لە نێوان ساڵانی ١٩١١-١٩٣٥ و ١٩٣٦-١٩٥١ لەدایک بوون، تێڕوانینێکی زۆر جیاوازیان هەبووە سەبارەت بەوەی کەی پیربوون دەست پێدەکات، بەڵام جیاوازییەکی کەم لە نێوان گروپی ١٩٣٦-١٩٥١ و ئەوانەی لە ساڵی ١٩٥٢-١٩٧٤ لەدایکبوون هەبووە.

توێژینەوەکە هەندێک جیاوازی رەگەزییای ئاشکرا کردووە بە تێکڕا ژنان پیربوونیان بە دوو ساڵ و نیو دواتر لە پیاوان دەستپێدەکات و ئەم جیاوازییە رەگەزییە لە نەوە گەنجەکاندا فراوانتر بووە.

هەروەها هەستکردن بە تەنیایی و تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و تێکچوونی تەندروستی پەیوەندی بەو تێڕوانینەیەوە هەیە کە پیربوون زوو دەستپێدەکات.