لە دوای تێپەڕبوونی ١٠
ساڵ بەسەر یەکەم نمایشی فیلمی Interstellarـدا، بڕیارە ئەمساڵ دووبارە فیلمە خەیاڵی-زانستییەکەی
کریستۆفەر نۆلان بگەڕێتەوە سەر شاشەی سینەماکان.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی
"دێدڵاین" ، فیلمەکە بەشێوەی فۆڕماتی IMAX لەسەر شاشەی سینەماکان پەخش
دەکرێتەوە، کە جیاوازییەکی زۆر دەدات بە فیلمەکە و بینەران وا لێدەکات وەک
یەکەمجار بچنەوە و سەیری بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، فیلمیInterstellar لەلایەن
بینەرانەوە بە یەکێک لە باشترین فیلمەکانی سینەمای هۆڵیوود و کریستۆفەر نۆلانی
دەرهێنەر دادەنرێت، کە باس لە چەند کەشتیوانێکی ئاسمانی دەکات، گەشتێک بۆ سەر
هەسارەیەک دەکەن بە ناوی "میلەر"، کە لە چیرۆکەکەدا هەر کاتژمێرێکی سەر
ئەو هەسارەیە بە حەوت ساڵی سەر زەوی هەژمار دەکرێت.
فیلمەکە توانیویەتی ١٩ خەڵاتی
جیاواز بباتەوە، لە ناویاندا خەڵاتی ئۆسکار و خەڵاتی بافتا بۆ باشترین ڤیژواڵ ئیفێکت،
هەروەها هەریەک لە ماثیو مەکۆنەهێی و جێسیکا چاستین و ئانا هاثەوی و مات دەیمن و
چەند ئەکتەرێکی بەناوبانگ بەشدارن، لەلایەن کریستۆفەر نۆلان و جۆناسانی برایەوە
نووسراوە و کریستۆفەر نۆلان (باشترین دەرهێنەری ئەمساڵ) کاری دەرهێنانی بۆ
ئەنجامداوە، یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی فیلمەکەی پێ دەناسرێتەوە.