ئەو رەنگانەی وادەکەن ماڵەکەت گرانبەها دەربکەوێت

PM:05:28:07/01/2024

20680 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکان لەکاتی دیزاینکردنی ناو ماڵەکەتدا بریتییە لە هەڵبژاردنی رەنگەکان، شارەزایان رێنمایی دەدەن لەبارەی ئەو رەنگانەی کە هەڵبژاردنیان لەکاتی دیزاینکردنی ناو ماڵەکەتدا، وادەکەن ماڵەکەت شیاوتر و کەشخەتر دەربکەوێت.

بەپێی ئەوەی لە ماڵپەڕی "ئایێڵفز"ی ئیتاڵی تایبەت بە دیزاینکردنی ناوماڵدا هاتووە، هەریەک لە سێبەر یان رەنگە رووناکە سروشتی و ساردەکان دەشێت ببن بە بەشێک لە دیزاینەکەت.

پێنج لەو رەنگە سەرەکییانە کە وا دەکەن دیزاینی ناو ماڵەکەت گرانبەهاتر دەربکەوێت لە شێوەی ئاسایی:

١.سەوزی تۆخ، ئەم رەنگە بەو پێیەی زۆر سروشتییە و رەنگی گەڵا و گژ و گیایە، وا دەکات هەست بە بوونت لەناو سروشت بکەیت، ئەگەر ژوورێک بەشێوەیەکی سەرەکی دیزاینەکەی لەم رەنگە پێکهاتبێت، زیاتر دەبێتە هۆی ئارامی و حەز بۆ مانەوەی زیاتر تیایدا.

٢. پەمەیی، ئەم رەنگە بە رادەیەکی زۆر وزەی دەروونی دەبەخشێت و بەکارهێنانی لە کەلوپەلەکانی وەک قەنەفە یان رەنگی دیواری ژوورەکانی ناوماڵ بەگشتی، وادەکات ناوماڵەکەت زیاتر فەرمی و گرانبەها دەربکەوێت.

٣. شینی ئاسمانی، ئەم رەنگە نەک تەنها ناوەوەی خانووەکە تازە دەکاتەوە، بەڵکو کاریگەری ئەرێنی لەسەر باری دەروونی خاوەن خانووەکەش دەبێت.

٤. بێجی، ئەم رەنگە تەواو گونجاوە بۆ کەلوپەلی لە تەختە دروستکراو یان پەردە و تەنانەت مێز و کورسی و قەنەفە، هەروەها یەکێکە لەو رەنگانەی دەشێت رێژەیەکی زۆری ژوورەکەی لێ پێک بێت بەراورد بە رەنگەکانی تر.

٥. نارنجی، نارنجی سێبەرێکی شیکە کە گەرمییەکی تایبەت بە ماڵ دەبەخشێت و باری دەروونی ئارام دەکاتەوە، سەرسوڕهێنەر دەردەکەوێت هەم لە ژێر تیشکی خۆری درەوشاوە و هەم لە تاریکیدا، بە تایبەت لە ژێر تیشکی مۆمدا.

H.Y