بۆچی منداڵەکەت هیچ خواردن ناخوات؟

AM:09:59:03/01/2024

5104 جار خوێندراوەتەوە

هەر نەوەیەک ئارەزووی جۆرێ له خواردنی تایبەت بە سەردەمی خۆی هەیە و بەردەوام دەگۆڕێت، منداڵ و مێردمنداڵان زیاتر ئارەزووی خواردنی وەک پیتزا، هەمبەرگر و چپس دەکەن، بۆیە ئامادەکردنی ئەو خواردنانە نیوەی کێشەی کەم خواردن چارەسەر دەکات.

دکتۆر کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک لە بابەتێکدا ئاماژەی بە چەند رێنماییەک کردووە بۆ زیاتر گەڕانەوەی ئارەزووی خواردن لای منداڵان، بریتین لە:

١. کۆمەڵێک خواردن کە پێشتر زیاتر لێ دەنران وەک، نۆکاو، نیسکێنە و پەڵپنە بەترش زۆر بەسوودن بۆ منداڵان، دەکرێت هەفتانە چەند جارێ بخۆرێن وەک ژەمی سەرەکی لە هەموو وەرزەکاندا .

٢.زۆربەی منداڵ و مێرد منداڵان کەدەڵێین گۆشت ناخوات، بەڵام ئەگەر بکرێت بە شفتە یا کووبە باشترە و گۆڕانکارییەک لە ژەمەکەیدا دەکرێت، تەنها ئەوەیە ئەوان بێزار بوون لە خواردنی برنج و شلە رۆژی جارێ یا دوو جار.

٣.ناکرێت رۆژانە چپس،جەلیبۆن، کێک و هاوشێوەکانی بۆ منداڵ بکڕیت، پێویستە هەفتەی جارێک زیاتر نەیخۆن و بە مەرج و رێککەوتن بێت لەگەڵ منداڵەکەت .

٤. ئەو رۆژەی کە منداڵەکانت دەوامیان نییە یا خۆت دەوامت نیە گرنگە دایک و باوک زوو هەستن نانی بەیانی لە کاتی خۆیدا بدەن بە منداڵەکانیان.

٥. خواردنەوە گازییەکان دەبنە هۆی کەم بوونەوەی ئارەزووی خواردن، تۆ بۆ منداڵی خۆتی مەکڕە و مەڵێ هەرچی منداڵە دەیخوات.

٦.لە بری شیرینی و ئیشی هەویر، مێۆژ، قەیسی، هەنجیریی وشکراو و چەرەس دابنێ بۆ منداڵەکانت.

S.A