ئایا خواردنی برۆکلی بۆ منداڵان تەندروستە؟

AM:11:58:04/05/2024

3280 جار خوێندراوەتەوە

برۆکلی بە سوودە تەندروستییەکانی بەناوبانگە، بەڵام ئایا بۆ منداڵانیش بەهەمان شێوە تەندروستە، ئایا کەی کاتی گونجاوە بۆ زیادکردنی برۆکلی بۆ خۆراکی منداڵەکەت؟

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "lebanon24" باس لەوە کراوە، کاتی گونجاو بۆ زیادکردنی برۆکلی بۆ خۆراکی منداڵەکەت کاتێکە کە تەمەنی ١٠ مانگە یان زیاترە، لە خوارەوە سوودە تەندروستی و خۆراکیەکانی برۆکلی بۆ منداڵان دەخەینەڕوو:

١. بەرگری جەستە باشتر دەکات: بڕێکی باش ڤیتامین سی لە برۆکلیدا هەیە، ئەمەش نەک هەر لە بەهێزکردنی بنەماکانی بنیاتنانی سیستەمی بەرگریدا گرنگە، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی تەندروستی منداڵان باشتر دەکات و بەرگری دروست دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە وەرزیەکان.

٢. توانای بینین بەهێز دەکات: بە ڕێژەیەکی باش ڤیتامین A لە برۆکلیدا هەیە کە کاردەکات بۆ ئەوەی بینایی چاوی منداڵ باشتر و ڕوونتر بکاتەوە، هەروەها ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە پاراستنی بینین و بەهێزکردنی.

٣. تەندروستی گەدە باشتر دەکات: گەدە پێویستی بە بەرهەمهێنانی ترشەڵۆک هەیە بۆ ئەوەی یارمەتی ڕیخۆڵەکان بدات بۆ هەرسکردنی خۆراک بە سەرکەوتوویی، ئەگەر بەرهەمهێنانی ئەم ترشە کۆنتڕۆڵ نەکرێت، ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی برینی گەدە لە جەستەدا، لە دۆخێکی وادا شۆربای دروستکراو لە برۆکلی دەتوانێت رێگری بکات لە دروسبوونی برینی گەدە.

٤.دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسێنەر: دژە ئۆکسێنەرەکان پێویستن بۆ جەستەی منداڵان بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکی تەندروست لە هەموو پێکهاتەکانی ناو خۆیدا بپارێزێت، هەروەها ئەم توخمانە یارمەتیدەرن لە پاککردنەوەی ژەهر لە جەستە و پاراستنی خانە و شانەکانی جەستە.

٥. قەبزی کەمدەکاتەوە: برۆکلی خێراترین چارەسەرە بۆ کێشەکانی هەرسکردن و قەبزی، برۆکلی ڕیشاڵی تێدایە کە وەکو شلکەرەوە کاردەکات و یارمەتی نەهێشتنی قەبزی دەدات.