هەشت رۆژنامەی ئەمریکی سکاڵا لەسەر چات جی پی تی تۆمار دەکەن

PM:07:42:01/05/2024

292 جار خوێندراوەتەوە

گروپێکی رۆژنامەوانی ئەمریکی سکاڵای یاساییان لەسەر ئۆپن ئەی و مایکرۆسۆفت تۆمارکردووە و باس لەوە دەکەن کە ئەو دوو کۆمپانیایە "ملیۆنان" بابەتی هەواڵی کۆپیڕایت دەدزن بەبێ ئەوەی مۆڵەتیان پێبدرێت.

دوێنێ سێشەممە هەشت رۆژنامە، لەوانە رۆژنامەی نیویۆرک دەیلی نیوز، شیکاگۆ تریبیون و دێنڤەر پۆست، ئەم داوایەیان لە دادگای فیدراڵی لە نیویۆرک تۆمار کرد.

رۆژنامەی ئەسۆشێتد پرێس بە گێڕانەوەی لێدوانێکی نووسراوی سەرنووسەری جێبەجێکاری گروپی بڵاوکردنەوەی میدیا نیوز و تریبیون، فرانک پێین، رایگەیاندووە، "ئێمە ملیارەها دۆلارمان خەرج کردووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بڵاوکردنەوەی هەواڵ لە بڵاوکراوەکانماندا و ناتوانین رێگە بە ئۆپن ئای و مایکرۆسۆفت بدەین هەوا بە ئاسانی لەبەریان بگرنەوە."

مایکرۆسۆفت ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بدات، لە بەرامبەردا ئۆپن ئای کە خاوەنی بەرنامەی زیرەکی دەستکردی ChatGPT یە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە ئارەزووی پشتگیریکردنی رێکخراوە هەواڵییەکان دەکات.

کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەدەستهێنانی کۆمەڵێک ناوەڕۆکی ئینتەرنێت کە بە شێوەیەکی گشتی بەردەستە بۆ راهێنانی سیستەمی AI یان بەپێی دوکتۆرینی "بەکارهێنانی دادپەروەرانە" لە یاسای مافی کۆپیکردنی ئەمریکادا پارێزراوە.

لە هەندێک حاڵەتدا کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا بە سەرکەوتوویی خۆیان لە ئالەنگاری یاسایی بەدوور گرتووە بە پارەدان بە رێکخراوەکانی هەواڵ بۆ ئەم ناوەڕۆکە.

ئەسۆشێتد پرێس ساڵی رابردوو رەزامەندی دەربڕی لەسەر هاوبەشیکردن لەگەڵ ئۆپن ئای، کە تیایدا کۆمپانیاکە پارەیەکی ئاشکرا نەکراو دەدات بۆ دەستگەیشتن بە ئەرشیفی هەواڵەکانی ئاژانسەکە.

H.Y