هەندێک خووی رۆژانە بۆ پاراستنی لەشجوانی سەرەڕای گەورەبوونی تەمەن

PM:02:57:26/04/2024

3888 جار خوێندراوەتەوە

شارەزای تەندروستی و لەشجوانی، جەی جەی ڤێرجین، کۆمەڵێک پێشنیار دەکات بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند خوویەکی رۆژانە بۆ ئەوەی لەگەڵ تەمەنتدا بەچالاکی و لەشجوانی بمێنیتەوە.

وەک لە ماڵپەڕی "روسیا تودەیـ"ـدا هاتووە، جی جی جەخت لەسەر گرنگی جوڵەی رۆژانە دەکاتەوە و دەڵێت، جووڵە هەمیشە بە مانای وەرزشکردن لە هۆڵی وەرزشی نایەت، دەشێت تەنها وازهێنان لە بەکارهێنانی مۆبایلەکەت یان زوو خەوتن و زوو لەخەو هەڵسان یارمەتیدەرێکی گەورە بن بۆ پاراستنی جەستەت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە ئامانجێک دیاری بکرێت کە رۆژانە هەشت هەزار بۆ ١٢ هەزار هەنگاو بێت کاتێک ئەم خووە دامەزرا، دەتوانرێت راهێنانی بەرگری و راهێنانی لەشجوانی زیاد بکرێت بۆ رۆتینی رۆژانەی وەرزشەکەت، کە هۆکاری پاراستنی دڵ و خوێنبەرەکانە".

ڤێرجین ئامۆژگاری ئەوە دەکات دڵنیابن لە خواردنی پرۆتینی پێویست بەتایبەت بۆ خانمان و پێشنیاری ئەوە دەکات کە لە هەر ژەمێکدا بەلایەنی کەمەوە ٣٠ گرام پرۆتین بخۆین.

ئەو روونیکردەوە، "خواردنی پرۆتین گۆڕانکارییەکی سادەیە و ئەنجامێکی گەورەی هەیە، بەو پێیەی یارمەتی سووتاندنی چەوری زیاتر دەدات، برسێتی کەمدەکاتەوە، ئاستی وزە بەرز دەکاتەوە، پشتگیری گەشەی ماسولکەکان دەکات و شەکری خوێن هاوسەنگ دەکات".

ڤێرجین دەڵێت لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن بارستەی ماسولکەکان دەست دەکەن بە کەمبوونەوە، دوای تەمەنی ٣٠ ساڵی، هەر دە ساڵ جارێک بارستە بە رێژەی نزیکەی سێ بۆ ٨٪ کەم دەبێتەوە، بۆیە پێویستە دەستبەجێ رێوشوێن بگیرێتەبەر.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "چڕی ئێسکەکانیش مەیلی کەمبوونەوەی هەیە، ئەمەش مەترسی تووشبوون بە پووکانەوەی ئێسک زیاد دەکات راهێنانی بەرگری ئامرازێکی سەرەکییە بۆ رێگری لە پیربوون"، هەروەها پێویستە دڵنیا بیت لەوەی رۆژەکەت بە باشی کۆتایی پێبهێنیت، بە خەوتنی پێویست.

جەی جەی روونیکردەوە "کەمخەوی دەتوانێت وات لێ بکات هەست بە ماندوێتی و تووڕەیی و برسیەتی بکەیت، خۆراکی خراپ بخۆیت و وردەکارییە بچووکەکان لە شوێنی کارەکەت پشتگوێ بخەیت، هەروەها بڕیاری بەپەلە بدەیت.

H.Y