چاڤى: بردنەوە لە بایرن موعجزە نییە

PM:11:33:07/12/2021

1812 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڕاهێنەرى بەرشەلۆنە پێیوایە بردنەوە لە بایرن میونشن موعجزە نییە و بۆ یارییەکەش زۆر بەپەرۆشن.

چاڤى هێرناندێزى ڕاهێنەرى بەرشەلۆنە لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا پێش یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر بایرن میونشن لە چامپیۆنز لیگدا ئاماژەى بەوەکرد، بە پەرۆشییەکى گەورەوە دەست بە یارییەکە دەکەن و بەرامبەر یەکێک لە قورسترین ڕکابەرەکان و یەکێک لە باشترین یانەکانى جیهان یارى دەکەن.

چاڤى دەڵێت "ئەوە دەزانین کارەکە لە دەستى خۆماندایە، گەر بردنەوە بەدەستبهێنین سەردەکەوین، پێشتریش لە میونشندا براوە نەبووین، بەڵام زۆر بەپەرۆشین و ئامادەین بۆ کێبڕکێکردن و هیوادارم دۆڕاندنەکانى پێشوومان کاریگەرییان نەبێت بۆ یارییەکەى بایرن و واش یارى دەکەین ببینە پاڵەوانى یارییەکە".

چاڤى باس لەوەشدەکات، پێیوانییە بردنەوە لە بایرن موعجزە بێت و بەرشەلۆنە لە توانایدا هەیە بەسەر هەموو ڕکابەرێکیدا سەربکەوێت.

چاڤى دووپاتیدەکاتەوە، کار بۆ بردنەوە و سەرکەوتن بۆ قۆناغى 16ى چامپیۆنز لیگ دەکەن، بەڵام پێشبڕکێى تریان لەبەردەمدایە تا کۆتایى وەرزەکە و یارییەکەى بایرنیش هەلێکە بۆ نوسینەوەى مێژوو، دەشڵێت "گەر براوەنەبین ئەوا چاوەڕێى ئەنجامى یارییەکەى بەنفیکا دەکەین، بەڵام ئێمە پشت بەخۆمان دەبەستین، زۆریش ناخۆشە کە هاندەران ئامادەى یارییەکە نابن، چونکە ئێمە بۆ ئەوان یارى دەکەین".

گ . ف