خولی ئینگلتەرا.. مان سیتی بە بردنەوە لە سەندەرلاند لە پێشەنگ نزیکبووەوە

PM:08:07:06/12/2025

236 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی ئینگلتەرا مان سیتی بە بردنەوە لە سەندەرلاند لە پێشەنگ نزیکبووەوە و چێلسی دوو خاڵی بەرامبەر بۆرنمۆس لەدەستدا.

لە یارییەکانی هەفتەی 16ی خولی ئینگلتەرا، یانەی مانچستەر سیتی لەنێو یاریگای ئیتیحاد میوانداری سەندەرلاندی کرد.

تایمی یەکەم، تیپەکەی گواردیۆلا باشتر بیندرا و لە خولەکی 31 رۆبن دیاز گۆڵێکی موشەک ئاسای تۆمارکرد، لە خولەکی 35یش گڤاردیۆل گۆڵی دووەمی نووسیەوە، ئەو دوو گۆڵەش بووە ناونیشانی نیوەی یەکەم.

لە تایمی دووەم، سیتی بەردەوامبوو لە ئاستە بەرزەکەی و لە خولەکی 65 فۆدین بە ئەسیستێکی نایابی رایان شەرقی گۆڵی سێیەمی هێنایە بەرهەم و کۆتایی بە هەموو شتێک هێنا، لە خولەکی زیادکراویش لۆک ئاونینی یاریزانی میوان بە کارتی سور کرایە دەرەوە.

سەرەنجام یارییەکە بە سێ گۆڵی بێوەڵام لە سودی مان سیتی کۆتاییهات، بەم بردنەوەیە تیپەکەی گواردیۆلا بە کۆکردنەوەی 31 خاڵ لە پلەی دووەم جێگیرە و تەنیا دوو خاڵ لە پێشەنگەوە دوورە.

لە یارییەکانی دیکەی هەمان هەفتەش، چێڵسی دوو خاڵی گرنگی بەرامبەر بۆرنمۆس لەدەستدا و بەبێ گۆڵ لەگەڵیدا یەکسانبوو، نیوکاسڵ و تۆتنهام لە بێرنلی و برێنتفۆردیان بردەوە و ئیڤەرتۆن شکستی بە نۆتینگهام هێنا.