لێدوانی راهێنەران دوای راکێشانی تیروپشکی مۆندیالی 2026

AM:11:36:06/12/2025

248 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سکالۆنی دوپاتیکردەوە جەزائیر بەهێزە و ئەنچیلۆتی و دیشامپ و ناگلیسمانیش باسیان لە کۆمەڵەکانی خۆیان کرد.

دوای راکێشانی تیروپشکی مۆندیالی 2026، بەشێک لە راهێنەری هەڵبژاردەکان لێدوانی خۆیاندا لەسەر تیروپشکەکە، لیۆنێل سکالۆنی راهێنەری ئەرجەنتین دوپاتیکردەوە کە جەزائیر هەڵبژاردەیەکی بەهێزە بەڵام ئوردون بۆ ئێمە نەناسراوە.

سکالۆنی دەڵێت، هیچ رکابەرێکمان ئاسان نین و دەبێت هەموو یارییەک بە پەرۆشیەوە ئەنجامبدەین و هەموو هەوڵێکی خۆمان بدەین، بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردەی نەمسا لە پاڵاوتنەکاندا نایابانە دەرکەوت.

لەلایەکی ترەوە، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری بەرازیل وتی، مەغریب هەڵبژاردەیەکی بەهێزە و رکابەری سەرەکی ئێمەن لە کۆمەڵەکەدا، کۆمەڵەکەمان ئاسان نییە بەهۆی بوونی سکۆتلەنداش لەبەرئەوە دەبێت ئاستێکی باشمان هەبێت.

وتیشی، یەکەم یارییمان زۆر گرنگە کە بەرامبەر مەغریبە، پێویستە بردنەوە بەدەستبهێنین لە هەڵبژاردەیەکی بەهێز و تۆکمە کە لە مۆندیالی 2022دا پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە.

دیدیە دیشامپی راهێنەری فەرەنسا ئاشكرایکرد، کۆمەڵەکەیان زۆر قورسە و بەهێزترینی قۆناغی کۆمەڵەکانە، نەرویج و سەنیگال بەهێزن و چاوەڕێی هەڵبژاردەی کۆتایی دەکەین کە یەکێک لە عێراق و بۆلیڤیا و سۆرینامە.

دیشامپ دەشڵێت، پەیوەندیەکی برایانەمان لەگەڵ سەنیگالیەکان هەیە و بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە رەگەزنامەی فەرەنسیشیان هەیە، نەرویج هەڵبژاردەیەکی زۆر بەهێزە بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە بۆ یەک ئامانج بەشداری دەکەین کە ئەویش بردنەوەی نازناوەکەیە.

جولیان ناگلیسمانی راهێنەری ئەڵمانیاش رایگەیاند، کۆمەڵەکەیان ئاسان نابێت و دەیانەوێت یارییەکانی قۆناغی یەکەم بە بردنەوە کۆتاییپێبهێنن، بیر لەوە دەکەنەوە هەنگاو بە هەنگاو پاڵەوانێتییەکە تێبپەڕێنن.

ناگلیسمان دوپاتیکردەوە کە بە کەم سەیری هەڵبژاردەی کۆراساو ناکەن، کۆت دیڤواریش هەمووان دەزانن چەندە بەهێزە، یارییکردنیش بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی وەک ئیکوادۆر قورسە.

خ . ک