PM:04:30:12/11/2025
180 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ئیڤان تۆنی خەونی بەشداریکردنی لە مۆندیال هەیە و بۆ
ئەو مەبەستەش دەیەوێت بگەڕێتەوە پریمەر لیگ.
ئیڤان تۆنیکە ماوەیەکە لە خولی سعودیە یاری دەکات، لە لێواری گەڕانەوەدایە بۆ
خولی ئینگلتەرا و ناویشی وەک بابەتێکی ڕکابەریی لەلایەن چەندین یانەی ئینگلیزیەوە
باسکراوە، لەنێویاندا ئیڤەرتۆن.
ئەو هێرشبەرە 29 ساڵانە لە ململانێدایە بۆ
گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوو، بەپێی
زانیارییەکانیش ئامادەیە بگەڕێتەوە خولی ئینگلتەرا، پاش ئەوەی 18 مانگ لەمەوبەر
برێنتفۆردی بەجێهێشت و پەیوەندی بە یانەی ئەهلی سعودیەوە کرد، بە گرێبەستێکی 40
ملیۆن پاوەند و مووچە 400 هەزار پاوەند لە هەفتەیەکدا.
هێرشبەرەکە وەرزی پێشوو، وەرزێکی نایابی لەگەڵ
یانەی ئەهلی بەسەربرد و لە 59 یاریدا 41 گۆڵی تۆمارکرد و نازناوی خولی یانە
پاڵەوانەکانی ئاسیای بەدەستهێنا، بەڵام لە ئێستادا خەونی یاریکردن لە مۆندیال
وایلێکردووە بیەوێت بگەڕێتەوە پریمەر لیگ.
سەبارەت بەم بابەتەش ماڵپەڕی سکای سپۆرت بڵاویکردووەتەوە،
چەند یانەیەکی پرێمەر لیگ لە گواستنەوەی زستانەدا چاودێری تۆنی دەکەن، بەڵام
ئیڤەرتۆن نزیکترین یانەیە لە گواستنەوەی بەهۆی ئەوەی کێشەیان هەیە لە هێڵی
هێرشبردندا.
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشداوە، پرسی مووچەی زۆری
ئیڤان تۆنی دەتوانێت ببێتە بەربەستی سەرەکی لە گواستنەوەی بۆ تیپەکەی دەیڤد مۆیس، لەم
حاڵەتەشدا دەبێت مووچەکەی کەمبکاتەوە.