خولی سعودیە.. کریستیانۆ سەرکردایەتی نەسری کرد بۆ بردنەوە لە فەیحا

PM:11:11:01/11/2025

284 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی سعودیە نەسر بە سەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بردنەوەی بەسەر فەیحا بەدەستهێنا و بێ رکابەر پێشەنگیی گرتووە.

لە یارییەکی هەفتەی حەوتەمی خولی سعودیە، یانەی نەسر لە یاریگای ئەوەل پارک بەرامبەر فەیحا یاریی کرد.

تایمی یەکەم، هەردوولا بە هێرشبردن دەستیان پێکرد، لە خولەکی 13 جەیسۆن ریمیسیرۆ گۆڵی پێشکەوتنی یانەی میوانی تۆمارکرد، بەڵام نەسر زوو هاتەوە کەشی یارییەکە و لە خولەکی 20 ئەنجامەکەیان یەکسانکردەوە بەڵام دوای گەرانەوە بۆ ڤار گۆڵەکە رەتکرایەوە.

یانەی نەسر لە هەوڵەکانی نەوەستا بۆ تۆماری گۆڵی یەکسانبوون و بە دیارییکراوی لە خولەکی 37 کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵی یەکسانبوونی هێنایە بەرهەم.

لە تایمی دووەم، هەردوولا چەندین هەوڵیاندا تاکو گۆڵی پێشکەوتن تۆماربکەن، بەڵام گۆڵ دواکەوت بۆ خولەکەکانی کۆتایی و لە کاتی زیادکراودا لێدانی سزا بۆ نەسر هەژمارکرا.

کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی یانەکە چووە سەر تۆپەکە و بە سەرکەوتوویی گۆڵی بردنەوەی یانەکەی پێ تۆمارکرد.

سەرەنجام یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە بەرژوەندی نەسر کۆتاییهات، بەم ئەنجامە تیپەکەی ریاز بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ پێشەنگی قایمترکرد.

لە یارییەکی دیکەی هەمان هەفتەش، یانەی ئیتیحاد دوای ئەوەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر خلیج لەدواوە بوو، توانی بێتەوە کەشی یارییەکە و چوار گۆڵەکە تۆماربکاتەوە و خاڵێکی یارییەکە بەدەستبهێنێت.