AM:09:06:01/11/2021
3264 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لیۆنێل میسى
ئارەزووى گەڕانەوەى بۆ یانەى بەرشەلۆنە هەیە لە داهاتوودا و قسەکانى لاپۆرتاش
ئازاریان پێگەیاندووە.
لە چاوپێکەوتنێکدا
لەگەڵ ڕۆژنامەى سپۆرتى کەتەلۆنى، میسى یاریزانى پاریس سان جێرمان و پێشووى
بەرشەلۆنە لە وەڵامى ئەگەرى گەڕانەوەى بۆ یانە کەتەلۆنیەکە ئاماژە بەوەدەکات، بەڵێ
دەیەوێت بگەڕێتەوە و هەردەمیش وتوویەتى ئارەزووى یارمەتیدانى ئەو یانەیە دەکات بە
هەر ڕێگەیەکى سوودبەخش بێت.
میسى دەڵێت
"دەمەوێت ڕۆژێک ببمە سکرتێرى هونەرى، ئیتر نازانم ئەمە لە بەرشەلۆنەدا
ڕوودەدات یان نا، گەر ئەگەرێک هەبێت ئەوا هیوادارم یارمەتى ئەو یانەیە بدەم".
میسى باس
لەوەشدەکات، بەرشەلۆنە ئەو یانەیەیە، کە خۆشى دەوێت و حەزدەکات هەردەم بێ کێشەبێت
و بەرەوپێشەوەبچێت و بەردەوامبێت لەوەى یەکێک بێت لە باشترین یانەکانى جیهان.
لە بارەى قسەکانى
خوان لاپۆرتاى سەرۆکى بەرشەلۆنە، کە وتبووى پێشبینى کردووە میسى بەبێ بەرامبەر
یارى بۆ یانەکەى بکات و نەڕوات، میسى دەڵێت "هەر وەک کاتى ڕۆشتنم ڕوونمکردەوە،
هەموو شتێکم کرد بۆ مانەوە و هیچ کاتێکیش داوام لێنەکرا بەبێ بەرامبەر یارى بکەم،
تەنیا داوام لێ کرا موچەکەم لە سەدا 50 کەم بکەمەوە و بێ هیچ کێشەیەک بەوە
ڕازیبووم، هەر بۆیە قسەکانى لاپۆرتا ئازاریاندام، پێویستى نەدەکرد ئەوە بڵێت".
میسى لە هاوینى
ڕابردوودا گرێبەستەکەى لەگەڵ بەرشەلۆنە کۆتایى هات و بەهۆى کێشە داراییەکانى یانە
کەتەلۆنیەکەوە نەیتوانى گرێبەستەکەى نوێبکاتەوە و بەبێ بەرامبەر پەیوەندى بە پاریس
سان جێرمانەوە کرد.
گ . ف