داهاتووی ئۆبامیانگ چۆن دەبێت؟

PM:12:33:26/03/2023

320 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئینتەرمیلان گرنگی بەگواستنەوەی ئۆبامیانگ دەدات و یاریزانەکەش گەڕانەوەی بۆ بەرشەلۆنە بەلاوە باشترە.

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنوسی دوپاتیکردەوە کەچەند یانەیەکی خولی ئیتاڵیا ئارەزوو دەکەن گرێبەست لەگەڵ ئیمریک ئۆبامیانگی گابۆنی هێرشبەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی ئەنجام بدەن لەگواستنەوەی هاوینەدا.

ڕۆژنامەی لاگازیتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ڕایگەیاند کە چێڵسی زۆر تووڕە بووە بەوەی کاتێک ئۆبامیانگی یاریزانی یانەکەی بینیوە کە بەهۆی بردنەوەی بەرشەلۆنە لەکلاسیکۆ ئاهەنگی لەگەڵ یاریزانەکاندا گێڕاوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە چێڵسی دەیەوێت بەڕەزامەندی هەردوولا گرێبەستی ئۆبامیانگ هەڵبوەشێنێتەوە چونکە لەلایەن گراهام پوتەری ڕاهێنەرەوە بەهیچ شێوەیەک پشتی پێنابەسترێت لە یاریەکانی یانەکەدا.

ڕونیشیکردەوە کە ئەو هەنگاوەی چێڵسی ڕێگا خۆشکەر دەبێت بۆ یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی تا گرێبەست لەگەڵ ئەو هێرشبەرە گابۆنیەدا ئەنجام بدات بەڵام خواستی ئۆبامیانگ گەڕانەوەیە بۆ بەرشەلۆنە چونکە پێشتریش یاری بۆ ئەو یانەیە کردووە.