سەرۆکی ئەى سی میلان پێکهاتەى راهێنەری گۆڕی و لە ئینتەرمیلانیان بردەوە

سەرۆکی ئەى سی میلان پێکهاتەى راهێنەری گۆڕی و لە ئینتەرمیلانیان بردەوە
2020-09-23

4186 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سیلڤیۆ بیرلیسکۆنی سەرۆکی یانەى میلان هۆکاری بردنەوەى یەکێک لە بەهێزترین دێربییەکانی میلانۆ بوو کاتێک لە پشووی نێوان دوو تایمەکەدا تەداخولی کاری راهێنەری کرد و گۆڕانکاری لە پێکهاتەدا کرد.

بیرلیسکۆنی یەکێک بوو لەو سەرۆکانەى کە هەمیشە جێپەنجەى لە پێکهاتەى یانەى میلاندا هەبوەو وەک راگەیاندنەکان باسی دەکەن راهێنەرەکان پێکهاتەیان بۆ 10 یاریزان دادەنا و یاریزانی ژمارە 11 بیرلیسکۆنی سەرۆک دیاریی دەکرد.

لە جەولەى 22ی خولی تۆپی پێی ئیتاڵیا و لە وەرزی 2003 بۆ 2004 یانەى میلان روبەروی یانەى ئینتەر بوەوە.

ئەو یارییە بە دێربی میلانۆ ناسراوەو هەردوو یانەکە رکابەریییەکی مێژووی لە نێوانیاندا هەیە.

ئەو سەردەمە میلان بەهێزترین یانەى ئیتاڵیا بوو ، خاوەنی شیفشینکۆ بوو لە هێڵی پێشەوەو لە دواى ئەویش رۆی کۆستا و کاکا بەشداریان دەکرد و گاتۆسۆ و پێرلۆ و سیدۆرفیش لە پشت کاکا و رۆی کۆستاوە یارییان دەکرد.

لەکاتێکدا ئینتەرمیلان خاوەنی پێکهاتەیەکی هەژار بوو ، باشترین یاریزانەکانی ئەدریانۆ و کریستیان ڤێری و کیلی گۆنزالێس و خافێر زانێتی و ستانکۆڤیچ بوو.

یایریەکە دەستی پێکرد و لە تایمی یەکەمدا ، بەپێچەوانەى پێشبینییەکانەوە ستانکۆڤیچ و کریستیانۆ زانێتی دوو گۆلیان بۆ ئینتەر تۆمارکرد.

هاندەران توشی شۆک بوون بە ئەنجامی یارییەکە و میلان لە ژێر فشارێکی زۆردا بوو.

تایمی دوەم دەستی پێکردەوەو هەر لەسەرەتاوە رۆی کۆستا لە میلان دانیشێنرا و جۆردان تۆماسۆنی هێرشبەری دانیمارکی بەشداری پێکرا.

میلان لەو تایمەدا سێ گۆڵی لەسەر یەک تۆمارکرد کە یەکێکیان تۆماسۆن کردی و بەتەواویش کۆنترۆلی یارییەکەى گرتبووە دەست.

دانیشاندنی رۆی کۆستاى یاریزانی هێلی ناوەراست بۆ جۆردان تۆماسۆنی هێرشبەر لەلایەن سیلڤیۆ بیرلیسکۆنی سەرۆکەوە ئەنجامدرا ، نەک کارلۆ ئەنچیلۆتی کە ئەو لەوکاتەدا راهێنەر بوو.

بیرلیسکۆنی دواى ئەو یارییە بێ پێچ و پەنا رایگەیاند: هەرکەسێک گرێبەستی راهێنەرایەتی یانەى میلان ئیمزادەکات، دەبێت بە دوو هێرشبەرەوە یاریی بکات نەک یەک هێرشبەر.

راگەیاندنەکان ئاشکرایانکرد لە پشوی نێوان دو تایمەکەدا بیرلیسکۆنی سەرۆکی میلان تەداخولی پێکهاتەکەى کردوەو ئەنچیلۆتی ناچار کردوە بە دوو هێرشبەرەوە یاریی بکات.

ئەنچیلۆتی لە یەکێک لە کتێبەکانی کە لەسەر ژیانی راهێنەرایەتی خۆی نوسیویەتی ئاماژە بەوە دەدات کە بیرلیسکۆنی خاوەنی یانەى میلان بوەو پێی وابوە کە یاریزانەکان هی ئەون و زۆر جار حەزی خۆی پیشانداوە بۆ دیاریکردنی ئەو یاریزانانەى بەشداری دەکەن.