چی بەسەر جەستەت دێت کاتێك رازیانە دەخۆیت؟

AM:11:27:05/07/2022

11660 جار خوێندراوەتەوە

ناوکی رازیانە چەندین سوود و کاریگەریی گرنگی بۆ تەندروستی هەیە بەهۆی بوونی ماددەی خۆراکی گرنگ لە پێکهاتەیدا.

د. کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی خواردنی رازیانە کردووە بە مەرجێك زیادەڕۆیی تێدا نەکرێت، بەم جۆرە:

١.یارمەتی نەهێشتنی ئازار و پێچی ناوسک دەدات لەگەڵ ڕێگریکردن لە قەبزی و ئاوسانی سک و دڵەکزێ.

٢ . کەمکردنەوە و چارەسەری نیشانەکانی کۆنیشانەی گرژبوونی کۆڵۆن .

٣ . باشترکردنی پڕۆسەی هەرسکردنی خواردن بە گشتی لە ڕێگەی خاوکردنەوەی ماسولکەکانی کۆئەندامی هەرس، هاندانی ڕشتنی زەرداوی جگەر و زراو و زیاترکردنی سووڕی خوێن بۆ کۆئەندامی هەرس.

٤ . یارمەتی نەهێشتنی هەندێ مشەخۆر و کرمی ڕێخۆڵە ئەدات.

٥ . نەهێشتنی ئازاری سەوەفان بە تایبەت سەوەفانی ئەژنۆ، لەگەڵ کەمکردنەوەی ڕەقبوونی جومگەکان.

٦ . یارمەتی کۆنتڕۆڵ کردنی ئاستی شەکرە ئەدات .

٧ . بۆ خانمان نەهێشتن و کەمکردنەوەی ئازاری سووڕی مانگانە، ڕێکخستنی سووڕی مانگانە، خۆپاراستن لە کۆنیشانەی کیسی هێلکەدان، کەمکردنەوە و نەهێشتنی نیشانەکانی تەمەنی نائومێدی، ٚزیادکردنی بڕی شیر لە خانمانی شیردەر.

٨ . دابەزاندنی کێش لە ڕێگەی کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن و کاراکردنی پڕۆسەی میتاپۆلیزم و سووتانی چەوری و چالاککردنی کۆئەندامی هەرس.

٩ . کۆمەڵێک سوودی تر وەک بەهێزکردنی بەرگری جەستە و ڕێگریکردن لە پەتا و ئەنفلاوانزە، یارمەتی دابەزاندنی فشاری خوێن، خۆپاراستن لە نەخۆشیەکانی دڵ، ڕەنگە ڕۆڵی هەبێت لە لەناوبردنی هەندێ بەکتریا، نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی هەناسە، شێدارکردنەوەی پێست و کەمکردنەوەی تامێسک.

١٠ . چارەسەرکردنی ئازاری پێچی ناوسکی مناڵی ساوا، بەڵام پێویستە دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ پزیشکی مناڵان بەکار بێت.


شێوازی بەکارهێنانی :

- یەک کەوچکی چێشت لە تۆوی ڕازیانە بکووترێت بە جوانی و کۆپێک ئاوی کوڵاوی بە سەرا بکرێت بۆ ماوەی بیست دەقیقە و دابپۆشرێت و بە شێوەی چا بخورێتەوە پێش نان خواردن، هەروەها دەتوانرێت کەوچکێک هەنگووینی تێ بکرێت ، ڕۆژانە نابێت سێ کووپ زیاتر بخورێتەوە.

- یەک کەوچکی چا زەیتی ڕازیانە لەگەڵ کوپێک ئاوی گەرم ، ئەتوانرێت هەنگووینیشی تێ بکرێت .

- گوڵەکانی یا لاسک و گەڵاکانی دەکرێت بە سەوزی بکوڵێنرێن و بخورێتەوە پێش نان خواردن.