پسپۆڕێکی خۆراک ئاماژەی بەوەکردووە، خواردنی نان بە تەنیا نابێتە هۆی قەڵەوی
چونکە کالۆری زۆری تێدا نییە، بەڵام نانێک لە ئاردی سپی دروستکرابێت هۆکارە بۆ زیادبوونی
چەوری ورگ.
کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک لە پەڕەی فەرمی فەیسبووکەکەی کۆمەڵێک
زانیاریی لە بارەی خواردنی نان و قەڵەوییەوە بەمجۆرە خستووەتە ڕوو:
یەکەم: هەموو پسپۆڕان کۆکن لە سەر ئەوەی کە پێویستەنان لە ئاردی بۆر دروست بکرێت چونکەئاردی بۆر وەک دانەوێڵە تەواوەکان پۆلیین دەکرێت و هەر سێ پێکهاتووەکانی گەنمی
تێدایە، لە کاتێکدا ئاردی سپی تەنها لە (Endosperm ) دروست دەکرێت
و بەشی زۆری ڕیشاڵ و ڤیتامین و کانزاکانی تێدا نییە .
دووەم: نان بڕێکی زۆری کالۆری تێدا نییە، واتە
بە تەنیا نابێتە هۆی قەڵەوی و زۆری کێش، بەڵام نانێک کە لە ئاردی سپی دروست کرابێت یەکێکە لەو خۆراکانەی کە دەبێتە هۆی قەڵەوی ورگ،
بە هۆی کەمی ماددە ڕیشاڵییەکان و بەرزی (glycemic index ) ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی
شەکرە زیاتر دەکات، ئاردی بۆر و ئاردی گەنمەشامی و شۆڤان و ئاردی جۆ و ئاردی بادام
باشترن و درەنگتر هەست بە برسییەتی دەکەیت .
سێیەم: بڕی ڕێگەپێدراو
ڕۆژانە لە ئارد بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لە ( ١٧٨ گرام ) بەڵامئەو ڕێژەیە بە پێی جۆری خواردن و پیشە و چالاکی جەستە و ئەنجامدانی وەرزشەوە
دەگۆڕێت، واتە ڕۆژانە نزیکەی دوو نانی
بازاڕ بخورێت، بەڵام خۆراکی تری وەک پیتزا و کێک و ئیشی هەویر و پسکیت ئاردی تێدایە.
چوارەم: نانی بازاڕ بڕی
زیاتری لێ دەخورێت کاتێک کە گەرم بێت، نانی
تیری و هەورامی کەمتری لێ دەخورێت.
پێنجەم: ڕێژەیەکی دیاریکراو لە دانیشتووان ماددەی گلوتینی ناو گەنم و جۆیان
پێ ناکەوێت و هەرسی ناکەن، لە ئەمریکا ڕێژەی ( ٪٧) دانیشتووان ئەم حاڵەتەیان هەیە،
واتە زۆرینەی خەڵک ئەو کێشەیان نییە و ئاردی سپی بڕی گلۆتینی زیاتری تێدایە.
شەشەم: بوونی ڕەشکە و شمڵی و تۆوەکانی تر لە ناو نانی ئاردی بۆر سوودەکانی زیاد دەکات،
بەکارهێنانی خومرە لە بری سۆددە بژاردەیەکی
تەندروستە.
حەوتەم: گرنگترین هۆکاری
قەڵەوی بریتییە لە خواردنی بڕی زیاتر لە پێویستی لەش لە کالۆری لە ڕۆژێکدا، خواردنی
دەوڵەمەند بە کاربۆهێدراتی سادەی وەک ئاردی سپی و برنجی سپی و شەکری دروستکراو لەگەڵ
شیرینی بڕێکی زۆر لە کاربۆهیدراتی تێدایە، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی زوو برسیبوونەوە ، بەڵام ماددە پڕۆتینەکان
ماوەیەکی زۆر زیاتری دەوێت تا هەرس دەکرێن و درەنگتر مرۆڤەکە برسی دەبێتەوە، کەس نییە
بە نان و ماست یا نان و تەماتە قەڵەو بێت، بەڵکو کۆی خۆراکی خوراو و جۆرەکەی بە درێژایی
ڕۆژەکە پێویستە ئەژمار بکرێت .
هەشتەم: کاتی ئەوە هاتووە کە رۆژانە
نانی ئاردی بۆر لە بری نان و سەمونی ئاردی سپی بخورێت.
ئ.ل