کێشی زیاد لە ئێستادا یەکێکە لە گەورەترین و باوترین گرفتە تەندروستییەکانی جیهان، خەڵکی لە چەندین رێگای جیاوازەوە هەوڵدەدەن خۆیانی لێ رزگاربکەن، بەڵام هۆکار چییە هەندێک کەس سەرەڕای وەرزشکردنیش هێشتا ورگیان هەیە؟
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "العربیة"، هەبوونی ورگ سەرەڕای پەیڕەوکردنی سیستمێکی رێکوپێکی خۆراکی و وەرزشکردن مانای ئەوەیە کەسەکە کێشەی لە رژێنی سایرۆیددا هەیە.
تێکچوونی کاری رژێنی سایرۆید بەهۆی کەمی هۆرمۆنی سایرۆکسینەوەیە، کە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی زیندەچالاکییەکان و دواتریش زیادبوونی کێش.
جگە لەمانە، هەبوونی کێشە لە رژێنی سایرۆیددا وادەکات کەسەکە پێستێکی زەردهەڵگەڕاوی وشکی هەبێت و قژی هەڵبوەرێت، هەروەها دەبێتە هۆی قەبزی ماوەدرێژ و کەبوونەوەی توانای هەوڵدانی کەسەکە و ماندوویی، لە ژنانیشدا دەبێتە هۆی تێکچوونی سوڕی مانگانە.