لەگەڵ کەمبوونەوەی هەر
ڤیتامینێك لە جەستەدا کۆمەڵێك نیشانەی ئاگادارکەرەوە لە جەستەدا دەردەکەون کە دەبێت
بە هەند وەربگیرێن و پشتگوێ نەخرێن.
ماڵپەڕی برایت ساید حەوت
نیشانەی دیاریکردووە کە دەریدەخەن ڤیتامینA لە جەستەدا کەمبووەتەوە و پێویستە چارەسەری ئەو کەمییە
بکرێت بەر لەوەی گرفتی جدی لێبکەوێتەوە، دیارترینیشیان ئەمانەن:
۱. پێستی وشک، ڤیتامین A یەکێکە لە گرنگترین پێداویستییەکانی
پێست تاکو بتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە و بە تەڕی و پاراوی بمێنێتەوە.
۲. شەوکوێری، یەکێکە
لە ئاشکراترین نیشانەکانی کەمی ڤیتامینەکە.
۳. زیپکە، هەروەک
ئاماژەی پێکرا، ڤیتامینA بۆ پێست زۆر
گرنگە و لەکاتی کەمبوونەوەیدا پێست رووبەڕووی چەندین کێشە دەبێتەوە.
٤. کێشەی خستنەوەی منداڵ،
ڤیتامینەکە کاریگەرییەکی زۆری بەسەر توانای منداڵخستنەوەی هەردوو رەگەزەوە هەیە، ئەگەر
لەگەڵ هاوسەرەکەتدا ماوەیەکە دەتانەوێت منداڵتان ببێت و سەرکەوتوو نابن، ئەوا
باشتر وایە ئاوڕێک لە ڤیتامینA لە لەشتاندا
بدەنەوە.
٥. برینەکانت درەنگ ساڕێژدەبن،
بەهۆی پرۆتینی کۆلاجینەوە لەباری ئاساییدا برینەکانمان کەمترین کاتیان دەوێت بۆ ساڕێژبوون،
ڤیتامین A ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت
لە بەرهەمهێنانیدا.
٦. گەشەی خاو، نیشانەیەکی
دیکەی ئاشکرای کەمیی ڤیتامینەکەیە بەتایبەت لە منداڵاندا.
۷. وشکیی چاو، نەبوون یاخود
کەمبوونەوەی فرمێسک نیشانەیەکی دیکەی کەمیی ڤیتامینەکەیە.