سلێمانی؛ فیلمی سینەمایی 'بێ نیشتیمان' نمایشكرا

PM:11:44:01/07/2022

3084 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ١ی تەمووزی ٢٠٢٢، یەکەم رۆژی نمایشکردنی فیلمی "بێ نیشتیمان" بوو، کە تیایدا شوان عەتوف و هانی موجتەهیدیی نواندانیان تێداکردووە.

فیلمی "بێ نیشتیمان" کە لە دەرهێنانی تورەج ئەسڵانییە و کۆمەڵێك ئەکتەری دیار و بەتوانا رۆڵیان تێدا بینیوە، لە مەراسیمێکدا و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێك ئەکتەر و کەسایەتی دیاری بواری هونەری یەکەم نمایشی کرا.

لە یەکەم نمایشی فیلمەکەشدا رەز هەڵکەوت پرۆدیوسەری فیلمی بێ نیشتمان، ئاشکرایکرد،" دوای راوێژکردن لەگەڵ شوان عەتوف و گفتوگۆ لەگەڵ تورەج ئەسڵانی بریارماندا بە بەرهەمهێنانی فیلمەکە کە سێهەم دەرهێنانی تورەج ئەسڵانییە. ''

هەر لەو بارەیەوە تورەج ئەسڵانی دەرهێنەری فیلمی بێ نیشتمان، وتی" ئەم فیلمە فیلمێکی نەتەوەییە، ئەمەمان دروستکردووە تاوەکو گەلی کورد خۆی لە فیلمەکانی خۆیدا ببینێتەوە نەک بیانییەکان فیلمان بۆ دروستبکەن و خەڵک لە فیلمی دەرهێنەرە بیانییەکاندا خۆی ببینێتەوە.''

هەروەها هانی موجتەهیدی کە یەکێك بوو لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمی بێ نیشتمان، رایگەیاند،" دڵخۆشم بە بەشداریم لەم فیلمەدا و بێگومان بەردەوام دەبم."

یەکێک ئامادەبووانی فیلمی سینەمایی'بێ نیشتیمان'یش دەڵێت،" دیمەنەکان زۆر کاریگەر بوون، وای لە من کرد هەر بیر لە کۆچ نەکەمەوە نەک ئەوەی کە ئەو رێگا پڕ مەترسییە بگرمە بەر''.

فیلمی سینەمای كوردی "بێ نیشتیمان" ژانری دراما، تاوان و هەست بزوێنە، باس لە دوو هاوسەری هونەرمەند دەکات کە لە چیرۆکێکی راستەقینەوە وەرگیراوە لە شاری کۆبانی دەژین، لەدوای داگیرکردنی شارەکە لەلایەن داعشەوە، دەیانەوێت شارەکە بەجێبهێڵن و کۆچ بکەن، هەروەها ناوەرۆکی فیلمەکە باس لە کۆچ دەکات بەهۆی شەڕو ململانێکانەوە، کە چین و توێژە جیاوازەکانی کورد بەدوای نیشتمانێکی ئارامدا دەگەڕێن بۆ نەوەکانیان.

فیلمەكە لە نواندی شوان عەتوف و هانی موجتەهیدی و جاهیت شاهین یاڵچین، لەلایەن تورەج ئەسڵانی دەرهێنەری كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كاری دەرهێنانی بۆ كراوە.

ئەم فیلمە لە کوردستان بەرهەمهێنراوە و کوردانی هەرچوار پارچە بەشداربوون تیایدا، گرتەکانی لە سلێمانی، هەڵەبجە و هەورامان تۆمارکراون، دیمەنەکانی کۆچ و رێگە پڕ مەترسییەکانی بەجۆرێک وێناکردووە کە وایکرد بەشێک لەو گەنجانەی ئامادەبوون بڕیار بدەن کە بۆ ئەبەد کۆچ نەکەن

بێ نیشتمانی ماوەی ٤٠ رۆژ کاری وێنەگرتنی بۆکراوە و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دەستکرا بە وێنەگرتن و لە ئازاری ٢٠٢٠ تەواوکرا و لەساڵی ٢٠٢١ دا ئامادەبوو بۆ نمایش، بەرهەمی كۆمپانیای سینەمای "ماد مۆڤی"یە، دوو جار نمایشی فیلمە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتاوە دواخراوە، رۆژی ١ی تەمووز یەکەم نمایشی فیلمەکە بووە و دوابەدوای ئەوە دەست بە پەخشکردن دەکات لە سینەماکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک.

ر.ئ