تەندروستی هەرێم چەند رێنماییەکی لەبارەی خۆپاراستن لە خۆڵبارین بڵاوکردەوە

AM:11:25:23/05/2022

2384 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، پێویستە هاوڵاتیان دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان دابخەن شوێنی خۆڵبارینەکان پاک بکەنەوە بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەوە دەمێننەوە و ئەوانەشی زۆربەی کاتەکانیان لە ماڵەوە دەمێننەوە لە کاتێکدا دەچنە دەرەوە دەمامک ببەستن. دەشڵێت، "زۆر خواردنەوەی شلەمەنی و میوە و سەوزە بە تایبەتی لەکاتی شۆفێری و چونە دەرەوە پێویستە".

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، خۆڵبارین دەبێتە هۆی هەستیاری و پێڵووی چاوەکان سوردەبنەوە و توشی خوران دەبێت.

دەشڵێت، خۆڵبارین دەبێتە هۆی هەستیاری لوت و بەتایبەت تر ناوپۆشی لوت سور دەبێتەوە تووشی هەوکردن دەبێت، بەمەش گیرانی لوت دروست دەبێت و کەسەکە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، فشاری خوێن و خوێن بەربوون و هەوکردنی گوێچکەی ناوەڕاست زۆر جار دەرئەنجامی ئەم خۆڵبارینەیە و کاریگەری دروست دەکات لەسەر ئەو کەسە و زۆر جار دەبێتەهۆی خورانی پێست و سوربوونەوە و نەخۆشی ئێکزیما.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو کەسانەی تەنگە نەفەسن و رەبۆیان هەیە لەگەڵ ئەم خۆڵبارینە حاڵەت و نیشانەکانیان زیاد دەکات. هاوکات، کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان و سییەکان دروست دەکات و بەمەش کەسەکە تووشی کۆکە و پژمین و ناڕەحەتی زۆر دەبێت، چونکە ئەو دەنکۆڵانە هەڵگری میکرۆب و بەکتریان.

لەبارەی خۆپارستنیشەوە لە خۆڵبارین و زیانەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە، پێویستە هاوڵاتیان دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان دابخەن شوێنی خۆڵبارینەکان پاک بکەنەوە بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەوەن و زۆربەی کاتەکانیان لە ماڵەوە بمێننەوە و لە کەتێکدا دەچنە دەرەوە دەمامک ببەستن.

باسی لەوەشکردووە، زۆر خواردنەوەی شلەمەنی و میوە و سەوزە بە تایبەتی لەکاتی شۆفێری و چونە دەرەوە کردنەوەی هەوای ناو ئۆتۆمبێل.

دەشڵێت، " تێکەڵ نەبوونی هاوڵاتیان و مامەڵە نەکردنیان لەگەڵ سەگ و پشیلە کە لە ئێستادا لەلایەن هاوڵاتیانەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت، چونکە ئەو تۆز و خۆڵە لەگەڵ فەرووی ئاژەڵەکان کێشە دروست دەکات.

هاوکات وەزارەتی تەندروستی هاوڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە ۱۲۲ بکەن.