یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دیاریکرا

PM:04:59:22/05/2022

38580 جار خوێندراوەتەوە

پەیمانگای لێکۆڵینەوە فەلەکییەکانی میسر رایگەیاند، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان رۆژی ٩ی تەمموزی داهاتوو دەبێت و فەلەکناسێکی سعودیەش ئەو بەروارەی پشتڕاستکردووەتەوە.

جاد ئەلقازی سەرۆکی پەیمانگای لێکۆڵینەوە فەلەکییەکانی میسر لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ئەلعەین ئاشکرایکرد، بە گوێرەی لێکۆڵینەوە فەلەکییەکانی ئەو پەیمانگایە رۆژی ٩ی تەمموز یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو بەروارە بەرواری کۆتایی نییە و تەنها ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیانە و بەرواری کۆتایی جەژن لە کاتی بینینی مانگدا دیاریدەکرێت.

عەبدوڵا مەسنەد جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کەشوهەوای سعودیە و فەلەکناسی دیاری ئەو وڵاتە ئەوەی خستەڕوو، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان ساڵی ٢٠٢٢دەکەوێتە ٩ی تەمموزەوە.

باسی لەوەشکردووە، مانگی زولقەعدە ٣٠ ڕۆژ تەواو دەکات و ڕۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ یەکەم رۆژی مانگی زیلحەجەیە.

ئەو فەلەکناسە سعودییە رونیکردووەتەوە، رۆژی ٨ی تەمموزی ٢٠٢٢ رۆژی وەستانی عەرەفەیە واتا ٩ی مانگ جەژنی قوربان دەبێت.

جەژنی قوربان دووەم جەژنی پەیڕەوانی ئاینی ئیسلامە و ساڵانە ئەو کەسانەی پەیڕەوی ئەو ئاینەکە دەکەن یادی دەکەنەوە.