چیرۆکی وێنەی ئەو منداڵە چییە کە لەسەر حاویەیەکی خۆڵدا کتێبێك دەخوێنێتەوە

PM:02:43:18/01/2022

4084 جار خوێندراوەتەوە

وێنەی منداڵێك بەڕاددەیەکی زۆر بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە کە لەسەر حاویەیەکدا دانیشتووە و بەجۆشەوە سەیری کتێبیك دەکات و دەیخوێنێتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "امارات الیوم"، ئەم وێنەیە لەلایەن ئەندازیارێکەوە بەناوی رۆدریگ مگامس لە یەکێك لە شەقامەکانی بەیروتدا گیراوە، ئەو منداڵە ناوی حسێنە، لەسەر قەراغی حاویەیەکی خۆڵ دانیشتووە و بەدوای وردەواڵە و پاشماوەی خواردندا دەگەڕێت، لەکاتی ئەو گەڕانەشدا کتێبێکی دۆزیوەتەوە کە سەرنجی راکێشاوە، لەو کاتەدا دانیشتووە و بەجۆشەوە خوێندوویەتییەوە، وەك ئەوەی خەمەکانی بیرچووبێتەوە و پشوویەك لە ژیانی قورسی وەربگرێت.

ئەو ئەندازیارە وتوویەتی، منداڵەکە بۆماوەی زیاتر لە نیو کاتژمێر سەرقاڵی سەیرکردنی ئەو کتێبە بووە، سەیری پەرەکانی کردووە، لەکاتێکدا کە کتێبی منداڵان نەبووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، حسێن منداڵێکی زیرەکە، بەرۆژ دەچێت بۆ قوتابخانە، دوای ئەوەش دەستدەکات بە کۆکردنەوەی وردەواڵە و پاشماوەی خواردن بۆئەوەی هاوکاری باوکە نەخۆشەکەی و چوار خوشکەکەی بکات.

بۆ هاوکاریکردنی ئەو منداڵەش مغامس لەگەڵ یەکێك لە رێکخراوەکاندا دەستی کردووە بەکارکردن بۆئەوەی پارەی پێویستیان بۆ کۆبکەنەوە بۆ هاوکاریکردنی حسێن وخێزانەکەی، بەمەرجێك جارێکیتر دەست نەکاتەوە بە کۆکردنەوەی شمەك لە تەنەکە خۆڵەکاندا.