چۆن چارەسەری میزبەخۆداکردنی منداڵەکەت دەکەیت؟

PM:12:16:11/01/2022

34220 جار خوێندراوەتەوە

خۆتەڕکردن یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە رۆژانە ئەیانبینین و دایک و باوکان نیگەران دەکات و دەبێتە هۆی بێزاری و کەمی متمانە لە منداڵان، بۆیە بە پێویستمان زانی چەند روونکردنەوەیەکی لەسەر بدەین.

دکتۆر رێباز ئەحمەد باڵەك پزیشكی هەناویی منداڵان و منداڵە ناکامەکان ئاماژەی بەوەداوە، بە شێوەیەکی گشتی منداڵ لە تەمەنی پێنج ساڵی توانای کۆنترۆڵی میزکردنی خۆی دەبێت، یەک ساڵ لە دوای کۆنترۆڵکردنی پیسایی، لە هەردوو رەگەزدا زۆربەی منداڵەکان لە تەمەنی سێ ساڵیدا توانای خۆڕاگرتنیان هەیە بە تایبەت لە رۆژدا، وا باشترە دایکان و باوکان لە تەمەنی دوو ساڵییەوە منداڵەکانیان رابهێنن لەسەر چوون بۆ تەوالێت و خۆڕاگرتن لەبەرامبەر خۆتەڕکردن .

بەگشتی حاڵەتەکە بەم جۆرە باوە:

٢٠-٢٥٪ منداڵانی تەمەن پێنج ساڵ ئەگرێتەوە

١٠٪ لە منداڵانی تەمەن حەوت ساڵ و

٤٪ لە منداڵانی تەمەن ١٠ ساڵ دەبینرێت

جۆرەکانی خۆتەڕکردن لە منداڵان چین؟

یەکەمی primary enuresis :

نزیکەی ٧٥٪ حاڵەتەکە پێک دەهێنێت منداڵەکە هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە نەیتوانیوە کۆنترۆڵی میزکردنی خۆی بکات.

دووەمی Secondary Enuresis:

٢٥٪ ی حاڵەتەکانە لەم جۆرەن کە بەلایەنی کەمەوە شەش مانگ کۆنترۆڵی میزکردنی هەبووە. لێرە زۆربەیان هۆکاری دەروونییان لە پشتە.

هۆکارەکانی خۆتەڕکردن چین؟

هۆکاری دەروونی:

- دڵەڕاوکێ لە منداڵان

- ترس لای منداڵ

- خراپ مامەڵەکردن

- ئیرەیی بردنی منداڵ دوای بوونی منداڵێکی تر

- جیابونەوەی هاوسەرەکان

- دەمەقاڵێ و شەڕی هاوسەران لە بەرچاوی منداڵەکانیان

- تێکچونی سوڕی خەو و کاتژمێری بایۆلۆجی

هۆکاری بۆماوەیی:

بوونی پێشینەی خۆتەڕکردن لە باوان یا کەسێکی پلەیەک لە خێزان ئەگەری توشبوون بە حاڵەتەکە زیاد دەبێت:

هۆکاری جەستەیی:

١. ناتەواوی میزلدان یان بچووکی

٢. هەوکردنی میزەڵدان Cystitis

٣. کێشەی بۆری میز PUV

٤. قەبزی لە مندالان

٥. گەشکە یاخود سەرع

٦. نەخۆشی درێژ خایەنی گوورچیلەو شەکرە

٧. گیرانی هەناسە لە کاتی خەو OSA

شێوازی چارەسەر چۆنە؟

کەسەکە بەپێی حاڵەتەکە چارەسەر دەکرێت لای پزیشکی پسپۆڕی ئەو بوارە بە نمونە:

- چارەسەرکردن بەڕێگەی ڕەفتاریBehavioral therapy

- چارەسەرکردن بە دەرمان وەک دسمۆپرێسین بە نمونە.

- چارەسەر لە ڕێگەی زەنگی ئاگادارکردن.

- خشتەی ئەستێرە بۆ هاندان لەسەر خۆڕاگری و گوێڕایەڵی بۆ رێنماییەکان و خەڵاتکردنی منداڵ.

رێنمایی باوان ئەکەین بە:

- خەبەرکردنەوەی منداڵ چەند کاژێرێك دوای نوستن و ناردنی بۆ میزکردن.

- کەم کردنەوەی خواردنی شلەمەنی دوای ئێوارەو چون بۆ تەوالێت پێش نووستن.

- نەخواردنەوەی چا و قاوە شەوان بە تایبەتی.

- چارەسەرکردنی گرفتەکانی خێزان.

- نەهێشتنی سەرچاوەکانی ترس لای منداڵ.