لاوازی سێکسی یەکێکە
لەو گرفتانەی کە هەموو پیاوێك ئەگەری هەیە تووشی ببێت، ئەمەش دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ
هۆکارێکی جەستەیی یاخود دەروونی، کە بەپێی هۆکارەکە چارەسەر بۆ کەسەکە دادەنرێت.
دکتۆر رامان صابر نانەکەلی
پسپۆر لە نەشتەرگەری (گورچیلە، میزەڕۆ، نەزۆکی، لاوازی سێکسی، چاندنی ئامێری
لاوازی سێکسی) رایگەیاندووە، رۆژانە لە کلینیکەکەم لە هەر پێنج نەخۆش، دوو
بۆ سێ لە نەخۆشەکان کێشەی لاوازی سێکسییان هەیە و بەدوای چارەسەر دەگەڕێن، بەشێکی
زۆریان کێشەی جەستەییان نییە، بەڵکو کێشەکە زیاتر پەیوەستە بە کێشمەکێشی ژیان و سەرقاڵی
مێشك و دەروون و کێشە لە پەیوەندی.
لە رۆژگاری سەرقاڵی پڕ ئیشی و پڕ کێشەی ئێستادا، لەوانەیە ئاسایی بێت جار و
بار هەست بە بە بەرزی و نزمی توانای سێکسی بکرێت، بەڵام بەردەوام هەستکردن بە
لاوازی سێکسی و نەتوانین لە ئەنجامدان و تەواوبوون لە سێکس بە هیچ شێوەیەك ئاسایی
نییە و پێویستی بە بەدواداچوون و چارەسەری هەیە.
بە گشتی لاوازی سێکسی لە پیاواندا دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی، دەتوانیین
بڵێین هۆکارەکان نیوە بە نیوە دابەشبوونە، ئەوانیش هۆکاری دەروونی و جەستەیین.
لایەنی جەستەیی لەوانەیە کێشەی دڵ و لوولەکانی خوێن، نەخۆشی شەکرە، هۆڕمۆن
و دەرمان چەندین کێشەی دیکەبێت.
هەرچی هۆکارە دەروونییەکانە، بریتیین لە پاڵەپەستۆی دەروونی "سترێس"،
دڵەڕاوکێ "قەلەقی"، خەمۆکی "کئابة" هەروەها کێشە لە پەیوەندیدا،
هۆکاری دەرووونی لاوازی سێکسی زیاتر بەوە جیادەکرێتەوە کە لاوازی سێکسیەکە لەناکاو
لە شەو و رۆژێك سەرهەڵدادات، زیاتر لە تەمەنی گەنجانە، کەسەكە لە ڕەفتار وگوفتاری
دیارە کێشەییەکی دەروونی هەیە.
بۆ زۆربەی بارە دەروونییەکان دوای وەرگرتنی قسەی نەخۆش و ئەنجامدانی چەند
پشکنینێك بۆ بەلادانانی کێشە جەستەییەکان، تەنها دڵنیایی کردنی نەخۆش و هەندێك جار
پێدانی چەند دەرمانێکی یارمەتیدەر و بەهێزکەری سێکسی، بەسە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە،
بەڵام لەگەڵ ئەوەی کێشەی دەروونی چەندە درێژە بخایەنێت، ئەوا چارەسەریش زەحمەتر دەبێت،
بۆیە زۆر گرنگە لەگەڵ هەست کردن و سەرەتایی کێشەکە کەسی نەخۆش بەدوای چارەسەر بگەڕێت.